پەیامی کورد... لەشاری بۆکان ٨ کەس لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کران
لە سەرەتای ئەم حەفتەوە، هێزەکانی حکومەت ٨ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکانیان بە ناوەکانی حەسەن فەتحی خزرلەکی، مەسعوود دارسەنج، تۆفیق ڕەسووڵی، عەلی گوڵ محەممەدی، وەلی گوڵ محەممەدی، سامان مەنگوڕ، محەممەد فەرەجی و زەکەریا تەعەقوب دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٥ی جەنیوەری ٢٠٢٣) مامۆستا حەسەن فەتحی خزرلەکی، مامۆستای ئایینی گوندی "قازڵیان" سەر بەشاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکرا.
هاوکات ئەم هێزانە دوو کەسی دیکەیان بە ناوەکانی مەسعوود دارسەنج و تۆفیق ڕەسووڵی ڕفاندووە و دەستیان بەسەر مۆبایل و لاپتۆپەکانیاندا گرتووە.
لە درێژەی ئەم شەپۆلی دەستبەسەرکردنانەی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان لە ڕۆژی یەکشەممە عەلی گوڵ محەممەدی، وەلی گوڵ محەممەدی و سامان مەنگوڕ دەستبەسەر کراون.
هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢، محەممەد فەرەجی تەمەن ٢٠ ساڵ و دانیشتووی "عەلیی ئاوا"ی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە. لە شەوی هەمان ڕۆژ، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان بەناوی زەکەریا تەعەقوب لەلایەن ئەم هێزانەوە ڕفێندرا.
هەموو ئەم هاووڵاتییانە لەدوای دەستبەسەرکران و ڕفاندنیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستیان و ئەو تۆمەتانەوە کە دراونتە پاڵیان لەبەردەستدا نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە