دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەکانی مستەفا کازمی دیاری کرد

دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەکانی مستەفا کازمی دیاری کرد

پەیامی کورد... دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەکانی مستەفا کازمی دیاری کرد

دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر داوای بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بە پشتبەستن بە داواکاری ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیکردنەوەی دەستووری بۆ دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە کاتی کاربەڕێکردندا.

دادگا باڵای فیدراڵی دەقی بڕیاری شیکردنەوە دەستوورییەکەی بڵاو کردەوە کە سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەند دەکات بە گوێڕایەڵی و جێبەجێکردنی.

لە بەشێکی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ڕۆژی 15-5 بە سەرۆکایەتی دادوەر جاسم محەممەد عەبودو دادوەرانی ئەندام دانیشتنی سەبارەت بە پرسیار و بەدواداچوون لەسەر داواکاری سەرۆک کۆماری عێراق بە پشتبەستن بە داوای ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساز کرد لەبارەی دەسەڵات و ئەرکەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری ڕۆژانە و بەناوی گەلەوە بڕیایدا.

دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا هۆکارەکانی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندی شیکردۆتەوەو ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی کاربەڕێکەری ڕۆژانە واتە ئەو حکومەتە لە سرووشتییەوە دەگۆڕێت بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە بە دەسەڵاتێکی سنووردار، ئەوەش لە دوو حاڵەتدا دەبێت، یەکەمیان وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران، دووەمیشیان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانە بەگوێرەی هەردوو مادەی 61 و 64ی دەستووری عێراق، لەو دوو حاڵەتەشدا ئەنجوومەنی وەزیران بە سەربەخۆیی دەمێنێتەوە و دەبێتە کاربەڕێکەر کە دەسەڵاتی دەرکردنی چەند بڕیارێک و ڕێوشوێنەکانی بەردەوامیدانە بە کاری کەرتی گشتی و بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان، بڕیارەکانیش ناچنە چوارچێوەیەکەوە کە هۆکار و پاڵنەری سیاسییان هەبێت و کاریگەریی گەورە لەسەر داهاتووی عێراق بە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دابنێت.

هەر لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە کە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پێشنیازی پرۆژە و یاسا و گرێبەستی قەرزکردن و دامەزراندنی پۆستی باڵا لە دەوڵەتدا بکات یاخود دەریان بخاتەوە و پەیکەری وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانیش ڕێک بخاتەوە، بۆیە دادگا ئەم بڕیارەی دەرکرد بە ڕێککەوتن و کۆتا و پابەندییە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە