ئێران پەیامی "هەماهەنگی ئەتۆمی" ئاڕاستەی سعوودیە دەکات

ئێران پەیامی "هەماهەنگی ئەتۆمی" ئاڕاستەی سعوودیە دەکات

پەیامی کورد... ئێران پەیامی "هەماهەنگی ئەتۆمی" ئاڕاستەی سعوودیە دەکات

ماڵپەڕی هەواڵی "نور نیوز" کە بە نزیکی لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ناسراوە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، پەیامی "هەماهەنگی ئەتۆمی"ی ئاڕاستەی سعوودیە کرد و ئەوەی خستەڕوو کە هەردوو وڵات دەتوانن لە تەکنەلۆجیای ئەتۆمیدا پێکەوە هەماهەنگی بکەن.

نور نیوز لە بابەتێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئیسرائیل دژی بەرەوپێشچوونی ئەتۆمی سعوودییەیە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەکرێت یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پەیوەندی نێوان ئێران و سعوودیە ئەوەبێت کە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگی لەبواری تەکنەلۆجیای ئەتۆمی بکەن.

ئەوەی جێگای سەرنجە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە ریازی پایتەختی سعوودیە.

لە لایەکی دیکەشەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بلینکەن، بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر هەماهەنگییەکانی نێوان واشنتۆن-ریاز، بابەتە هەرێمییەکان و کێشە نێودەوڵەتییەکان سەردانی سعوودیە دەکات.

- لێکترازانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە

لە دووی کانووی دووەمی 2016دا سعوودیە 47 کەسی بە تاوان "تیرۆر" لەسێدارەدا کە زانای ئایینی شیعی، نەمر ئەلنەمر، یەکێکیان بوو.

بەرپرسانی ئێران کاردانەوەی توندیان بەرامبەر لەسێدارەدانی ئەلنەمر دەربڕی، دواتر لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئێرانەوە باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشهەد، سووتێندران.

بەم شێوەیەش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران کە ماوەی ساڵێکبوو بەهۆی شەڕی ناوخۆی یەمەنەوە ئاڵۆزبوون، بەتەواوی پچڕان.

لە نیسانی 2021دا بەرپرسانی هەردوو وڵات، بە نێوەندگیری عێراق و عوممان، لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ساز کرد و کۆبوونەوەکان دواتریش هەر درێژەیان هەبوو.

دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ تاران و ریاز لە 10ی ئاداردا لە پەکینی پایتەختی چین رێککەوتننامەیەکیان واژوو کرد کە تایبەت بوو بە دەستکردن بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ماوەی دوو مانگدا.

لەم چوارچێوەیەشدا هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و هاوتا سعوودییەکەی، فەیسەڵ بن فەرحان لە شەشی نیساندا لە پەکین کۆبوونەوە و دەربارەی ئاسانکاری کردن بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی یەکتر، دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانە و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، رێککەوتن.

ئێران لە 23ی ئایاردا یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، عەلی رەزا عینایەتی وەک باڵیۆزی ئێران لە ریاز راگەیاند. لە شەشی حوزەیرانیشدا باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز کرایەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە