پەیامی کورد … سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پهیامێكى لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بڵاو كردهوه
سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان له پهیامێكدا ڕاى دهگهیهنێت، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی دیکەی لەنێوبردن و وێرانكردنی كوردستان.
ئهمڕۆ شهممه 31/7/2021، مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، پهیامێكى لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بڵاو كردهوه و دهڵێت: "ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی یەکێک لە دڕندانەترین و گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە 38 ساڵ پێش ئێستا، لە كردەوەیەكی نەژادپەرستانەدا، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون، ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و كۆمەڵكوژی کردن".
سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان باسى لهوهش كردووه: "جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی دیکەی لەنێوبردن و وێرانكردنی كوردستان، كە لە ساڵانی دواتردا، ڕژێمی بەعس لە چەند قۆناغێكدا، دەستی بە شاڵاوەکانی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان کرد، بەمەش پڕۆسەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵكی كوردستان و وێرانکردن و سووتماککردنی کوردستان، گەیشتە ئەوپەڕی ستەمکاریی و دڕندەیی".
مهسرور بارزانى ههروهها ئاماژهى بهوه داوه: "ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانییان نەكراوەتەوە. کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكوومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتوانی هەموو ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون".
سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان ئهوهشى خستووهته ڕوو: "لەم یادەدا، پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون، دووپات دەكەینەوە و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناكەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانییانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی گەلی کوردستان دادەنوێنین، یاد و یادەوەرییان هەمیشە زیندوو بێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە