٣١ هەزار پاشماوەی داعش لە زۆممار جێگیر دەکرێن

٣١ هەزار پاشماوەی داعش لە زۆممار جێگیر دەکرێن

پەیامی کورد    ...    ٣١ هەزار پاشماوەی داعش لە زۆممار جێگیر دەکرێن .

بڕیارە كەمپێكی گەورە بۆ پاشماوەكانی داعش لە سنووری ناحیەی زۆممار دروست بكرێت و بەرپرسێكی كوردیش ھۆشداری دەدات لەوەی، جێگیركردنی داعشەكان لە ناوچە كوردستانییەكان كاریگەری لەسەر رەوشی ئەمنی دەبێت.

شێخ محێدین مزووری، كارگێڕی لقی پارتی لە مووسڵ، ڕایگەیاند، بڕیارە كەمپێكی گەورە لە گوندی عەمەلی سەر بە ناحیەی زۆممار دروست بكرێت و ٣١ ھەزار كەسی پاشماوەی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە نێو كەمپەكە، گوندی عەمەل یەكێك لە گوندە گەورەكانی نزیك سەنتەری ناحیەی زۆممار و ھێنانی ئەو ھەموو تیرۆریستەش بۆ زۆممار، كاریگەرییەكی خراپی لەسەر ڕەوشی ئەمنی و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورە دەبێت.

بەرپرسەكەی  پارتی لە مووسڵ گوتی، ھێنانی ٣١ ھەزار كەس كە ھەموو ھاوسەر و منداڵ و كەس وكاری داعشی تووندڕەو، وادەكات لە چەند هەفتەی دابێت رەوشی ئەمنی لە دەورووبەری مووسڵ و ناوچەی زۆممار ئاڵۆزی بە خۆیەوە ببینێ، بە تایبەتی ئەو ناوچەیە ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا و كۆنتڕۆڵكردنیشی زۆر ئەستەمە.

مزووری جەختیشی كردەوە: "ھێشتا پاشماوەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەنێو مووسڵ و دەوروبەریدا ھەن و جووڵەشیان بەھێزە، رۆژانە چەندین كەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەوەش دەریدەخات ھێشتا داعش لە مووسڵ بەھێزە و دەتوانێت كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات، ئێمە نایشارینەوە لە ھەندێ ناوچەی دەوروبەری مووسڵ چەكدارانی داعش بە ئاشكرا كەوتوونەتە جووڵە و بە ھۆی نەبوونی ھەماھەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندارەكانیشەوە، تا دێت بەھێزتر دەبن".

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە