پەیامی کورد... دوو خوێندکاری باشترین زانکۆی ئێران سزای ٣٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا
دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، هەر کامە لە "ئەمیر حوسێن مورادی" و "عەلی یوونسی"، دوو خوێندکاری زانکۆی شەریفی تارانی بە ١٦ ساڵ زیندان سزادا.
بەپێی بڕیاری لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تاران، ئەو دوو خوێندکارە بە تۆمەتگەلی "ئیفسادی فیلئەرز" و "پیلانگێڕی و بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی" بە زیندان سزادراون.
"تەسنیم"، ئاژانسی هەواڵی سەر بە سوپای پاسداران ڕۆژی دووشەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠١ ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئەو دوو خوێندکارە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٩ لە کاتی ئەنجامدانی "چالاکیی تیرۆریستی"دا دەستگیر کراون.
دوایین دانیشتنی دادگایی عەلی یوونسی و ئەمیر حوسێن مورادی ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ بە ڕێوە چووبوو.
عەلی یوونسی، خوێندکاری ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و ئەمیر حوسێن مورادی، خوێندکاری فیزیکی زانکۆی شەریفی تاران ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ دەستگیر کران و ماوەی ٥٩ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسی دا ڕاگیران.
ئەو دوو خوێندکارە بۆ ماوەی ساڵێک بێبەش بوون لەوەی پارێزەریان هەبێت و لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیاندا بە سەختی ئەشکەنجە دراون.
مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٠، "غوڵام حوسێن ئیسماعیلی"، وتەبێژی دەزگای داد بانگەشەی ئەوەی کردبوو، کە ئەو دوو خوێندکارە پەیوەندییان بە سازمانی موجاهدینی خەلقەووە هەبووە. بەڵام بنەماڵەکەی ئەو خوێندکارانە ئەو تۆمەتەیان ڕەت کردەوە.
عەلی یوونسی براوەی میدالیا زێڕی ئۆلەمپیادی جیهانیی ئەستێرەناسی و ئەمیر حوسێن مورادی براوەی میدالیای زێوی ئۆلەمپیادی ناوخۆی ئەستێرەناسییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە