ئەمریکا و بەریتانیا لە هەنگاوێکی هاوبەشدا، محەممەدڕەزا فەلاحزادە، جێگری فەرماندەی لقی قودسی سوپای پاسدارانیان تەحریم کرد، هاوکات بەریتانیا سێ یەکەی سوپای قودسی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی شووباتی ٢٠٢٤، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە هەنگاوێکی هاوبەشدا لەگەڵ بەریتانیا گەمارۆی بەسەر محەممەدڕەزا فەلاحزادە جێگری فەرماندەی لقی قودسی سوپای پاسداراندا سەپاندووە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا هەروەها ڕایگەیاندووە، ئیبراهیم ئەلناشری ئەندامێکی حوسییەکانی یەمەن و هەروەها دوو شیرکەتی تۆمارکراو لە هۆنگ کۆنگ و دوورگەکانی مارشاڵ خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
ئەم دوو شەریکە خاوەنی کەشتییەکن کە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی ئێرانی بۆ چین و فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانە بۆ بەرژەوەندیی حوسییەکان و سوپای قودس بەکارهاتوون.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ئەم دوو شەریکە بە ناوی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زیاتر لە ١٠٠ملیۆن دۆلار کەلوپەلی ئێرانییان بۆ شەریکە بازرگانییەکان لە چین ناردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیاش ڕایگەیاند کە جگە لە محەممەدڕەزا فەلاحزادە، ئەم وڵاتە سێ یەکەی سوپای قودس، سەعید جەماڵ، سەرمایەداری دانیشتووی ئێران و عەلی حوسێن بەدرەدین ئەلحوسی، جێگری وەزیری نێوخۆی حوسییەکانی خستووە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
لەم بەیاننامەیەدا کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بڵاوی کردووەتەوە، دەیوید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ڕایگەیاندووە، هێرشی حوسییەکانی سەر بە ئێران "قبووڵنەکراو و نایاسایین و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی کەسانی بێتاوان و ئازادیی کەشتیوانین.
جێگەی ئاماژەیە کە بەریتانیا هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ گەمارۆی خستووەتە سەر کەس و دامەزراوەکانی ڕژێمی ئێران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە