پەیامی کورد ... سەبارەت بە مووچەی خانەنشینان و مەرجی خانەنشین بوون ڕوونکردنەوەیەکی بلاو دەکرێتەوە .
بەڕێوبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومهتی ههرێمی كوردستان، زانیاری لەبارەی ڕێنوێنیی تازە بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و پلە تایبەت ئاشکرا دەکات.
حازم ئیسماعیل بەڕێوبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی رایگهیاندووه، "بڕگەیەكی ڕێنوێنییهكی دارایی هەیە كە پشتی بەستووە بە یاسای چاكسازی تایبەتە بە چۆنیەتی خانەنشینكردنی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی، هەڵەتێگەیشتن هەیە لەو ڕێنوێنییه، خەڵك وەكوو پێشووتر خانەشین دەكرێن و كەم نەكراوەتەوە".
ووتیشی: "بۆ نموونە كەسێك ١٥ بۆ ٢٥ ساڵ خزمەتی هەیە، ٢%ی دەبێت و جارانی ساڵانی خزمەت و جارانی مووچەی بنەڕەتی دەكرێت، بۆیە ئەوەی لەنێو خەڵك بڵاو بووهتهوه گوایە فەرمانبەر بە ١٥%ی كۆی مووچە خانەنشین دەكرێ، ئەوە هەڵەتێگەیشتنە، خانەشینی هەر وەكوو خۆیەتی تەنیا پلە تایبەت كەم كراوەتەوە".
بەڕێوبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئهوهشی خسته ڕوو: "پێشووتر پلە تایبەت و باڵاكان بە ٨٠%ی كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان خانەنشین دەبوون، بەڵام ئێستا ٥٠%ی مووچە تێپەڕ ناكات، ئەندام پەرلەمانێك كە خزمەتی تەواوی نەبێت بۆ خانەنشینبوون، ٢٥%ی مووچەكەی بۆ خانەنشین بوون پێ دەدرێت، دادوەر و داواكاری گشتی نابێت خانەنشینبوونیان لە ٧٠%ی مووچە و دەرماڵەكانیان تێپەڕ بكات".
ئاماژەی بەوەش دا: "هەبوونی بڕوانامەش لە پاڵ خزمەت كاریگەری هەیە لەسەر مووچەی خانەنشینی، كەسێك بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت لەگەڵ كەسێك بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت جیاوازی هەیە، ئەوەی ئامادەییەكە لە كۆی مووچە و دەرماڵەكانی سێ بەرامبەر كەمتر ئەژماری بۆ دەكرێ لە مووچە خانەنشینی".
حازم ئیسماعیل جەختی لهوهش کردەوە، مەرجی خانەنشین بوون ئەوەیە فەرمانبەر ٤٥ ساڵ تەمەن و ١٥ ساڵ خزمەتی به كرداری هەبێت، ڕێنوێنییهكه هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٤٤ هەزار خانەنشین هەیە، مانگانە لە سەرووی ١١٠ ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان خەرج دەکرێ، بەپێی یاسای چاكسازیش پێداچوونەوە بە خانەنشینانی نایاسایی دەكرێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە