پەیامی کورد ... حکوومەتی عێراق ھێزێکی زیاتری ڕەوانەی کەرکووک و دەوروبەری کردووە و بەرپرسێکی پارتییش لە کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، عێراق نیەتی ئەوەی نییە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و دەیەوێ بە جووڵەپێکردنی ھێز کێشە بنێتەوە.
دیاری حسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک و گەرمیان ڕایگەیاند: "عێراق ھێزێکی زۆری بەرەو کەرکووک جووڵاندووە، ھێزەکە لە دوو فەوج پێک ھاتووە و بڕیارە لە دەوروبەری کەرکووک و قەزای داقووق جێگیر بکرێن، بێگومان زیادکردنی ھێز و سووتاندنی گەنمی جووتیاران بەرھەمی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرە و ئێمە ھەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکەین. ھاتنی ھێزی نوێش بۆ کەرکووک ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات، نەک ئەوەی ئاساییی بکاتەوە."
لەبارەی ھۆکاری ھێنانی ھێزی زیاتر بۆ کەرکووک، بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "ڕەوشی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات و بەغدا دەیەوێ بە جووڵەپێکردنی ھێز کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێتەوە و بە حوکمی ئەو ڕەوشەی ناوچەکەی گرتووتەوە دەیانەوێ ھێزیان ھەبێت."
حسێن دەڵێت: "دەسەڵاتدارانی بەغدا مل نادەن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و بەرقەراربوونی ئاشتی، چونکە بتەوێ ئاشتی بەرقەرار بێت و یاسا جێبەجێ بکەیت، پێویست بە ھێزی نوێ ناکات بۆ کەرکووک، ھەتا ڕەوشی ئابووریی عێراق وەک پێشتر نییە ھێز بجووڵێنن بەبێ ئیش، ئەم ھەنگاوانە بۆنی شۆڤێنییەتییان لێ دێ."
دیاری حسێن ڕەتی کردەوە بە ھێز ھیچ کێشەیەک لە کەرکووک چارەسەر بکرێت و داوای کرد ئەگەر بەغدا نیەتی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانەی ھەیە، با پاشەکشە بە ھێزەکانی بکات و ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی خوجێیی کەرکووک بەرگری لە شارەکەیان بکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە