بەمەبەستی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کار دەکەن، دەنگدەران چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
بەپێی بڕیاری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا، لە پارێزگاکانی ئادیامان، ئاگری، ئارتڤین، بینگۆل، بەدلیس، دیاربەکر، ئەلازیغ، ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم، غازی عەنتاب، گیرەسون، گوموشهانە، هەکاری، قەرس، مەڵاتیا، قەهرەمانمەڕەش، ماردین، مووش، ئۆردو، ڕیزە، سێرت، سێواس، ترابزۆن، تونجەلی، شانلیئورفا، وان، بایبورت، باتمان، شڕناخ، ئەردەخان، ئیغدر و کلیس و گرتووخانەکانی ئەم پارێزگایانە کارەکانی دەنگدان کاتژمێر 07:00 دەستیپێکرد.
هەر بەپێی بڕیارەکەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا لە پارێزگاکانی دیکە دەنگدان کاتژمێر 08:00 دەستیپێکرد.
لەو پارێزگایانەی دەنگدان کاتژمێر 07:00 دەستیپێکردووە، کاتژمێر 16:00 تەواو دەبێت، لەو پارێزگایانەشی کاتژمێر 08:00 دەستیپێکردووە، دەنگدان کاتژمێر 17:00 تەواو دەبێت.
لەم هەڵبژاردنەدا کە 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 گەنج بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.
لە هەڵبژاردنەکەدا کاندیدی ٣٤ پارتی سیاسیی کێبڕکێ دەکەن و، لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ٢٠٦ هەزار و ٨٤٥ سندوقی دەنگدان دانراوە و، نزیکەی هەزار سندوقی گەڕۆکیش هەن.
لە میانی بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنەدا کە لە 81 پارێزگاکەی تورکیا بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی شارەوانی لە 973 قەزا و 390 ناحیە هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ هەڵبژاردنی 50 هەزار و 336 موختاردا، هاوکات ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیش دیاری دەکرێن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە