ووشەممەى داهاتوو خۆرگیرانى تەواوەتى روودەدات

ووشەممەى داهاتوو خۆرگیرانى تەواوەتى روودەدات

ئاژانسى ناساى ئەمریکا رایگەیاند، رۆژى دووشەممەى داهاتوو، 8ى نیسانى 2024، خۆرگیرانى تەواوەتى روودەدات.

ڕۆژی سێشەممە، 2ى نیسانى 2024، ئاژانسى بۆشایی ئاسمانى ئەمریکا ناسراو بە ناسا، ئاشکرایکرد، رۆژى 8ى نیسانى داهاتوو، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژى دووشەممە، خۆرگیرانى تەواوەتى روودەدات، کە رووبەرێکى فراوانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک، دەگرێتەوە و لەنوێترین پێشهاتدا ناسا بەنیازە لە ساتەوەختى خۆرگیرانەکەدا راستەوخۆ، ژمارەیەک مووشەک بۆ بۆشایی ئاسمان رەوانە بکات.

بەگوێرەى هەواڵێکى پێگەى ناسا، ئەندازیارانى ئاژانسى ناوبراو، هەوڵدەدەن سود لەو خۆرگیرانە وەربگرن کە لە 8ی نیساندا روودەدات و لەگەڵ خۆرگیرانەکە ژمارەیەک مووشەک بۆ بۆشایی ئاسمان رەوانە بکەن، هاوکات دەشڵێن "رەوانەکردنى ئەو مووشەکانە، خزمەت بەچەندین مەبەستی زانستی زۆر گرنگ دەکەن، لەوانە تێگەیشتن لەوەی کە چۆن کەمبوونەوەی لەناکاوی تیشکی خۆر کاریگەری لەسەر بەرگەهەوای زەوی دەبێت؛ گواستنەوەی خێرا لە رۆژەوە بۆ شەو دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، هەروەها کاریگەرییەکانی خۆرگیران لەسەر ئایۆنۆسفێر کە سنووری نێوان بەرگەهەوای سەرەوە و خوارەوەی زەوییە، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت".

ئایۆنۆسفێر کە دەکەوێتە بەرزایی نێوان 90 بۆ 500 کیلۆمەتر لە بەرزى رووى ئاستی دەریاوە بەبەردەوامی کاریگەری تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر لەسەرە و کارلێکی تایبەت روودەدات کە گەردیلە ئەلیکترۆنەکان ناچار دەکات لە ئەتۆمەکان جیاببنەوە و لە ئەنجامدا کۆمەڵەیەکی گەورەی تەنۆلکەی بارگەی کارەبایی دروستدەبێت، کە کاردەکەن بۆ فراوانکردنی بەرگەهەوای سەرەوەی زەوی.

هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى ناسا، موشەکەکانی بۆشایی ئاسمان لە سێ کاتی جیاوازدا رەوانەدەکرێن، یەکێکیان 45 خولەک پێش خۆر گیران، دووەمیان لەکاتی خۆرگیراندا، سێیەم مووشەک 45 خولەک دوای ئەوەی خۆرگیرانەکە دەگاتە لوتکە، رەوانەى بۆشایی ئاسمان دەکرێت، جیاوازى ئەم نێوانە کاتییانە گرنگن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەوەی کە چۆن نەمانی لەناکاوی خۆر کاریگەری لەسەر ئایۆنۆسفێر دەبێت.

ئەوەی بابەتەکە گرنگتر دەکات ئەوەیە، خۆرگیرانێکى لەو شێوەیە لە ئاسمانی ئەو وڵاتانەى کیشوەرى ئەمریکا، تاوەکو ساڵی 2044 روونادات و ئەمەش زانایان هاندەدات، بە تەواوی دەرفەتەکە بقۆزنەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە