لە نووسراوێكدا، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی عێراق، رەخنەگرتنی فەرمانبەران و مامۆستایانی وەزارەتەكەی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قەدەغە دەكات و سەرپێچیكارانی بڕیارەكەش رووبەڕووی یاسا دەكاتەوە.
بەپێی نووسراوێكی فەرمی، كە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە، نووسراو ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە هەموو پارێزگاكان كراوە، تیایدا سەرجەم فەرمانبەران ئاگادار كراونەتەوە، بە هەموو شێوەیەك بڵاوكردنەوەی ئەو پۆستانەی دەبن بە مایەی هێرشكردن، یان رەخنەگرتن لە كەسایەتییە سیاسییەكان، قەدەغەیە.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هەر فەرمانبەرێك سەرپێچیی بڕیارەكە بكات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی عێراق فۆڕمێكی ئاڕاستەی سەرجەم قوتابخانەكان كردووە، كە پێویستە لەلایەن فەرمانبەران و مامۆستایانەوە پڕ بكرێتەوە و بەڵێن بدەن، كە بە هیچ شێوەیەك پۆستی رەخنەگرانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو نەكەوە، بەپێچەوانەوە، دەبێت بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئیداری لەئەستۆ بگرن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە