عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی جیهاندایە لە ڕووی ژمارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسانەوە و ژمارەیان بۆ 470 ڕۆژنامەنووس بەرز بووەتەوە.
فازڵ ئەلغەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، بۆ میدیا عێراقییەكان ئاشكرای كردووە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە عێراق سەدان پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشێلکارییەکان جیاوازن، لەوانە دەرکردن، لێپێچینەوە، تۆقاندن، ڕێگریکردن لە وێنەگرتن، شکاندنی ئامێرەکان و چەندانی دیكە.
سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، دەڵێت: ”بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری، عێراق لە کۆی 180 وڵات لە ساڵی 2024، لە ڕیزبەندی 169ـیهمیندا بووە، لەناو وڵاتانی عەرەبیشدا 12ــهمین بووە، بەراورد بە ساڵی ڕابردووی 2023 بە دوو پلە دابەزیوە، کە تیایدا ڕیزبەندییەکەی لە پلەی 167ی جیهانیدا بووە، بەو هۆیەوە، نمرەکانی لە 32.9 لە ساڵی 2023 دابەزیوە بۆ 25.4 لەم ساڵدا، بەڵام بۆ كوشتنی رۆژنامەنووسان عێراق لە پلەی یەکەمی جیهاندایە لە ژمارەی شەهیدانی ڕۆژنامەنووش، کە گەیشتوونەتە 470 كوژراو".
ئەلغەراوی داوا لە حکوومەتی عێراق دەكات، بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە، ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانی باشتر بکات و ئازادیی ڕۆژنامەگەری مسۆگەر بکات، هەروەها بیانپارێزێت و ستراتیژی نیشتمانی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەست پێبکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە