پەیامی کورد- قامیشلۆ... ئیلهام ئەحمەد: هیوادارین بۆ گفتوگۆی ئاشتی بەرپرسانی تورکیا لە باکووری سووریا ببینین
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هیوادارن بەرپرسانی تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ببینن، و دەرفەتی ئەوەشیان هەبێت کە خۆیان بچنە تورکیا، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئاشتی بکەن.
ئەحمەد لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "زووم"ـەوە لە "کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە ئیستەنبووڵ، وتی: "گرنگتر لە گفتوگۆکردن لەسەر دانانی چەک لەم کاتەدا، گفتوگۆکردنە لەسەر ئاشتی".
ئەو بەرپرسە کوردە جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیری لە سووریا سەقامگیرییە لە ناوخۆی تورکیاشدا، و ڕوونیکردەوە کە بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک خاوەن دەستوورێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، ئاسایش لە هەردوو وڵاتدا بەهێز دەکات.
ئیلهام ئەحمەد وتیشی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، "بەو پێیەی هێرشەکان وەستاون و ئەگەری کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەرکەوتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنەوە".
ئاماژەی بەوەشدا کە پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ چەندین دەیەی درێژ لەژێر سایەی ڕژێمی پێشوودا لە مافەکانیان بێبەش بوون، و ئەم قۆناغەی ئێستا دەرفەتێکە بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئاشتیی بەردەوام.
وتیشی: "ئێمە لە لایەنگرانی دابەشکردنی وڵاتان نین، نە لە سووریا و نە لە هیچ شوێنێکی دیکە، چونکە دابەشکردن دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی زیاتر".
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا توانای هەیە ئەو دەنگانە کەم بکاتەوە کە بانگەشە بۆ جەنگ و ململانێ دەکەن، بەتایبەتی کە ڕۆڵێکی تەوەرەیی هەیە لە سووریا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا و کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر.
ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە خوازیار بوو بەشێوەی حزوری لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بێت، "بەڵام زەیهنییەتی قبوڵنەکردن" ڕێگر بوو لەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە