بارزانی: "کاتی ئەوە هاتووە کورد بڕیارێکی گونجاو بدات"

بارزانی: "کاتی ئەوە هاتووە کورد بڕیارێکی گونجاو بدات"

سەرۆك بارزانی بەبۆنەی بیستوحەفتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان  لە پەیامیدا رایگەیاند، كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پارلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە كۆببنەوە و بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی بیستوحەفتەمین ساڵی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە بیستو حەفتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان و سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان.

ڕاپەڕینی بەهاری 1991 هێمای خۆبەدەستەوەنەدان و قبوڵنەكردنی زوڵم و داگیركارییە، دەستكەوتەكانی ئەو ڕووداوە مەزنە دیارن و ڕاپەڕین پەندێكی گرانبەهایە بۆ هەموومان كە ماف و ئازادی نابەخشرێت بەڵكو دەبێ وەدەستی بهێنین.
ئەوەی بە ناوی پەسەندكردنی بوودجە لە 3ـی 3ـی 2018 لە پارلەمانی عێراقدا ڕووی دا بە ڕوونی بریتی بوو لە پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازون و بنەماكانی دەستوور و چەوساندنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراوی گەلی كوردستان. هیوادارم ئەو هەڵسوكەوتە زۆر لە ڕاستییەكانی بۆ ناوخۆی كوردستان و دەرەوە ئاشكرا كردبێت و بزاندرێت كە گەلی كوردستان لەگەڵ چ عەقڵیەت و فەرهەنگێك تەرەفە. كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پەرلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە كۆببنەوە و بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن.
لەیادی ڕاپەڕیندا پێزانینم بۆ خەڵكی كوردستان هەیە و پڕ بە دڵ سوپاسیان دەكەم كە لەبەرانبەر ئابڵۆقە و گوشار و داگیركاریدا بە سەربەرزی و خۆڕاگری و بە ئیرادەیەكی پۆڵایین وەستاون.

مەسعوود بارزانی
4ـی3ـی2018 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە