هەواڵێکی دڵخۆشکەر لە لایەن بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە سەر مووچەی چاودێریی خێزان

هەواڵێکی دڵخۆشکەر لە لایەن بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە سەر مووچەی چاودێریی خێزان

پەیامی کورد    ...    بڕیارە لەلایەن حكوومەتەوە رێنمایی نوێ بۆ خەرجكردنی مووچەی چاودێریی خێزان دەربكرێت، هەرچەندە ماوەی زیاتر لە 3 ساڵە ئەو مووچەیە راگیراوە، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كاریش دەڵێ، وەزارەتەكەیان كار بۆ دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی مووچەی چاودێریی خێزان دەكات.

فوئاد سدیق، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند: "هەفتەی داهاتوو نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و دابینكردنی بڕی بودجەی پێویست بۆ سوودمەندانی مووچەی چاودێریی خێزان".

سدیق گوتیشی: "بڕیارە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای پێداچوونەوە، رێنمایی نوێ لەبارەی مووچەی تۆڕی چاودێری خێزان دەربكات و لەمەودوا بەپێی رێنمایی نوێ ھاووڵاتیان دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی مووچەی تۆڕی چاودێریی خێزان".

ئاماژەی بەوەش دا:" لە سەردەمی كابینەی پێشووی حكوومەتدا هەوڵی چاكسازی دراوە، بەڵام ئێمە جارێكی دیكە بە میكانیزمێكی نوێ ئەو ناوانە دەردەهێنین كە مووچەكە نایانگرێتەوە".

ئەو هەروەها دەشڵێت: "كەسانێك ناونووس كراون، كە تەنانەت لە كوردستانیش ناژین و لە دەرەوەی وڵاتن، یاخود كەسانێك هەن كە بژێویی ژیانیان باشە، بۆیە هەموو ئەو كەسانە ناویان دەسڕدرێتەوە و مووچە بە كەسانی شیاو دەدرێت".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "بەپێی رێنماییەكانی پێشوو، زیاتر مووچەكە بۆ ئەو ژنانە بوو كە بێ ھاوسەرن و هەروەها بۆ خوێندكارانی خێزاندار و ئەوانە بوو كە ھیچ مووچە و داھاتیان نییە و بەردەوامن لە پڕۆسەی خوێندن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە