ئازاد تۆفیق ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی سەبارەت بە ئەگەری بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی عیراق لە لایەن ئەو حزبانەی بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناڕازین، وتی: "ئەو حزبانە ناتوانن بایكۆت بكەن، لە ڕووی سیاسیەوە ئەگەر بایكۆت بكەن هەڵەگەورەكەی سوننەكان لە عێراق دووبارە دەكەنەوە، كە لە 2005ەوە تا ئێستا پێیانەوە دیارە، دووەم ئەگەر ئەوان بایكۆت بكەن، كورسیەكانیان دەدرێت بە لیستە بڕاوەكانی تر"، واتە یەكێتی و پارتی.
باسی لەوەشكرد، ئەو شەش حزبە، كە چواریان خاوەن كورسین و بە هەر چواریان 11 كورسیان هەیە، واباشترە بچنە بەغدا و لەوێ لە یەكێتی و پارتی، نیشتمانیتر بن و پارسەنگی پرسی كورد بەهێزتر بكەن.
ئازاد تۆفیق بە ئاماژەدان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ درووستكردنی دوو شاند بۆ گفتوگۆكردن لە گەڵ لایەنە كانی هەرێم و دانوستان لەگەڵ لایەن عێراقیەكان ووتی: "سەردانی گۆڕان و پارتی و هەموو لایەنەكان دەكەین، ئەگەر لە دەرگاوە دەرمان بكەن لە پەنجەرەوە دەچینە ژوورەوە، چوونكە واباشترە لە بەغدا پێكەوە بین و بەیەكەوە جوانترین".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی پێشنیازیشی كرد حزبەكەی و پارتی لە بەغدا لە پشكی خۆیان پۆست بدەنە حزبە ناڕازیەكان و لەو ڕووەوە وتی: "پێم وایە پارتی و یەكێتی ڕیش سپی پرسی كوردن و وەك چۆن سوراحی مل بۆ پەرداخ دادەنەوێنێت، واباشترە ئەوان تەنازۆل بۆ حزبەكانی تری كوردستان بكەن لە بەغدا لە پشكی خۆیان لە پۆستە باڵاكان، بەشی ئەو لایەنانە بدەن، كە هەست دەكەن لە كوردستان نادادپەروەریان بەرامبەر كراوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە