له‌میانى به‌ڕێوه‌چوونى مه‌ڕاسیمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتى ئه‌مریكا له‌شاری هه‌ولێر، دۆگلاس سلێمان باڵێوزى ئه‌مریكا وتی، "ئه‌مڕۆ له‌هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر سێبه‌رى چیاكان كه‌ناوچه‌یه‌كى ئارامى سنوره‌كه‌یه به‌ردى بناغه‌ى گشتى كونسوڵخانه‌ى وڵاتەکەمان داده‌نێین".
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (٢٣)ی نیسان، له‌هه‌ولێر مه‌راسیمى بونیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌ى نوێى كونسوڵخانه‌ى گشتى ئه‌مریكا له‌هه‌رێمى كوردستان، به‌رێوه‌چوو.
له وته‌یه‌كدا، دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق رایگه‌یاند، کە ئه‌م باڵه‌خانه‌یه نیشانه‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌ى پابه‌ندى به‌رده‌وامى ئه‌مریكایه بۆ تێكهه‌ڵكێشى دروستكردن و یارمه‌تیدانى حكومه‌تى هه‌رێم و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى عێراق.
دۆگلاس وتیشی، "ده‌مانه‌وێت هه‌رێمى كوردستان به‌به‌هێزى ببینین، زۆر به‌كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ى خۆشحاڵم و دانانى پڕۆژه‌كه‌مان له‌هه‌ولێر بۆ خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستانه به‌ئاینده‌یه‌كى گه‌شه‌وه".
له‌به‌شێكى دیكه‌ى وتاره‌كه‌ى باڵێوزى ئه‌مریكا له‌عێراق ڕایگه‌یاند، "په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ل هه‌رێمى كوردستان باشه و به‌هێزترى ده‌كه‌ین ، وه‌ئه‌و په‌یوه‌ندیه تازه نییه له‌گه‌ل كوردستان، وه‌كارى هاوبه‌ش به‌یه‌كه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ سودمه‌ندی هه‌ردوولا .
لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لە بەشداریکردن لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، ده‌ستخۆشی و پێشوازیی گەرمی له‌و بڕیاره کرد و بە هه‌نگاوێكی گرنگ و به‌نرخی لەقەڵەم دا و هیوای خواست پڕۆژەکە بە سه‌ركه‌وتوویی، له كاتی دیاریكراوی خۆیدا ته‌واو ببێت و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی كونسولخانه‌ی گشتیی ئه‌مه‌ریكای له هه‌ولێر كه یه‌كه‌م كونسولخانه‌یه باڵه‌خانه‌ی تایبه‌تی خۆی لە هەولێر دروست ده‌كات، بە نیشانه‌ی بڕوا و متمانه‌ی ئه‌مه‌ریكای به ئێستا و ئاینده‌ی گه‌شی هه‌رێمی كوردستان وەسف کرد و راشیگەیاند، "ئەوە ده‌رخه‌ری خواست و ئاره‌زووی ئه‌مه‌ریكایه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، له چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییانه‌ی کە هەیەتی له‌گه‌ڵ عێراقی فیدرالدا."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا کرد و گوتی: "په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندیی تازه نین و چه‌ند قۆناغێكیان ده‌رباز كردووه". لەو بارەیەوە، ڕاپه‌ڕینی ساڵی (١٩٩١)ی گه‌لی كوردستانی به‌بیر هێنایەوە کە ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی گه‌لی كوردستان، له ڕیزی پێشه‌وه‌ی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام بوو و بووه هۆی پاراستنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان لەوکاتەدا.
دووپاتیشیكرده‌وه، كه تا قۆناغی ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس و شه‌ڕی دژی داعش و شكاندنی، ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، یارمه‌تی داوه و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی كردووه. هەربۆیە بەڕێزیان، دروستکردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تازه‌ی بۆ كونسولخانه‌ی ئەمریکا له هه‌ولێر، بۆ به‌رده‌وامیی كاروانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه گەڕاندەوە و هیوای خواست ببێته هاوبه‌شییه‌كی گرنگ، ستراتیژی و درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
لە بەشێکی دیکەی وته‌كه‌یدا وێڕای جەختکردنەوە لە بوونی هاوبەشیی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و جیهانی پیشكه‌وتوو، بڕوای گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی به به‌هاكانی ئازادی، دیموكراسی، مافه‌كانی مرۆڤ، فره‌یی، كرانه‌وه، پێكه‌وه‌ژیان، پێگه‌یاندن و په‌ره‌پێدانی تواناكانی ژنان و گه‌نجان، بازاڕی ئازاد و هه‌موو ئه‌و به‌ها و بنه‌مایانه دووپات کردەوە كه جیهانی پێشكه‌وتووی ڕۆژئاوای له‌سه‌ر بنیات نراوه و كاریان بۆ ده‌كات بە شێوەیەک کە پێشمه‌رگه له به‌ره‌ی جیهانی پێشكه‌وتوودا له‌گه‌ڵ سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، شه‌ڕی تیرۆری كرد و پێكه‌وه به‌رگرییان له‌و به‌هایانه كرد.
سەرۆک وەزیران ئه‌و ڕێوڕه‌سمەی به ده‌رفه‌ت زانی كه سوپاس و ده‌ستخۆشی له به‌ڕێزان باڵیۆز و كونسوڵه‌كانی پێشوو و ئێستای ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا و هه‌ولێر بكات بۆ گرنگیدان و كاری باش و ماندووبوونیان له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، هەروەها سوپاسی تیمه سه‌ربازییه‌كان و USAID و هه‌موو ئه‌و ئاژانس و ڕێكخراوه ئه‌مریكییانه‌ی کرد كه له هه‌ر بوارێكدا له هه‌رێمی كوردستان كار و خزمه‌تیان كردووه. لەو بارەیەوە گوتی: "ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و چاومان له په‌یوه‌ندیی باشتر و تۆكمه‌تر، هاوكاری و هه‌مانگیی زیاتری نێوان وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستانه."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە