پەیامی کورد … مەسروور بارزانی بە بۆنەی پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش پەیامێکی بڵاو کردەوە
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی لە هەرێمی کوردستان راگه‌یاند و دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و یاسایه دەبێتە هەنگاوێك بە ئاراستەی سزادانی تاوانباران و هێنانەدی دادپەروەریی زیاتر.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی:
ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژه یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی لە هەرێمی کوردستان په‌سه‌ندكرد، بە مەبەستی لێپێچینەوە و دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە سەر ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و كۆمه‌ڵكوژیی.
ئەم یاسایە دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ دادگایی‌کردنی تیرۆریستانی داعش دادەڕێژێت، لە ڕێگەی پێکهێنانی دادگایەکی نيشتمانیی لە هەرێمی کوردستان ، بە بەشداری تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێودەوڵەتیی بۆ لێپێچینەوە له تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کە هاوکار دەبێت لە ڕووی کۆکردنەوەی بەڵگەکان .
بێگومان ئەمە برینه قووڵه‌كانی قوربانییانی ده‌ستی داعش ساڕ‌ێژ ناکات، بەتایبەتی خوشك و برا ئێزیدیه‌كانمان و قوربانییانی دیکە، بەڵام دەبێتە هەنگاوێك بە ئاراستەی سزادانی تاونباران و هێنانەدی دادپەروەریی زیاتر.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەرکی سەرشانیانه کە تیرۆریستانی داعش ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە لە بەرامبەر تاوانه‌كانیان دژ به گەلی کوردستان و خەڵکی عێراق و مرۆڤایەتی بە گشتی. ئەمڕۆ ئێمە هەوڵێک دەدەین بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه هاوبەشمان، لە پێناو قوربانییانی عێراق و جیهان. بێگومان ئه‌مه كاری زۆری ده‌وێت، بەڵام دواجار هەر دێتەدی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە