لە ناڵپارێزو شارباژێڕ ئاگر كەوتەوەو زیاتر سێ هەزار دۆنم دارستان و پوش سوتا

لە ناڵپارێزو شارباژێڕ ئاگر كەوتەوەو زیاتر سێ هەزار دۆنم دارستان و پوش سوتا

پەیامی کورد... لە ناڵپارێزو شارباژێڕ ئاگر كەوتەوەو زیاتر سێ هەزار دۆنم دارستان و پوش سوتا



بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: ڕووداوی ئاگر كەوتنەوە لە ناڵپارێز و تیایدا نزیكەی لە (۳۰۰۰/سێ هەزار) دۆنم دارستانی سروشتی و پووش و پاوان سوتاوەو لە شارباژێڕیش ئاگرێك كەوتەوەو بووە هۆی سوتانی ( ٧٠ ) دۆنم پوش و پاوان .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە: بەرواری ٢٠٢٣/٧/٢١ ئاگادار كرانەوە لە چیای (قایە) لە سنوری گوندی (سێ ماڵە) ئاگر كەوتۆتەوە ، دەستبەجێ مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناڵپارێز گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو دوای هەوڵێكی زۆر لە درەنگانی نیوەشەودا و بەهاوكاری مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام لەبەر سەختی سروشتی ناوچەكە و لەبەر ئەوەی چیای بەرز و دۆڵی قوڵی تێدایە ، بەهۆی خلۆر بوونەوەی داری سوتاو دووبارە ئاگرەكە كەوتەوەو گەیشتە سنوری گوندەكانی (یاساماڵ و كوڕەمێو) ، پاشان ڕۆژی (٢٢/٧/٢٠٢٣) كارمەندانی بنكەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز بەردەوام بوون لە دامركاندنەوەو كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە و بە بەشداری كارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن توانرا ئاگرەكە بەتەواوی كۆنترۆڵ بكرێت كە ماوەی (٣٠/سی) كاتژمێر بەردەوام بوو. شایانی باسە ڕێكخراوی ژینگە پارێزی ملەكەوەو چەند گوندنیشینێك بۆ بەپێی توانای خۆیان و لەكاتی جیا جیادا هاوكار بوون لە كۆنترۆڵی ئاگرەكەدا.

ئەوەشی خستەڕوو: بەهۆی ئاگرەكەوە نزیكەی لە (۳۰۰۰/سێ هەزار) دۆنم دارستانی سروشتی و پووش و پاوان سوتاوە و هۆكارەكەی نادیارەو پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوەو ڕادەستی بەڕێز دادوەر كراوە .

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد: بەرواری ٢٠٢٣/٧/٢١ بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت ئاگادار كرانەوە بە بوونی ئاگرێك لە سنوری گوندی ( شاناخسێ ) ، دەستبەجێ مەفرەزەیەك لە كارمەندانی بەشی ماوەت دەرچوون بۆ سنوری ناوبراو ، لە ئەنجامدا توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن بەهاوكاری ئاگر كوژێنەوەی قەزای ماوەت و دانیشتوانی گوندەكانی ( شاناخسێ و ماشان ) بە هۆی ئاگرەكەوە ( ٧٠ ) دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سووتان ، هەروەها هۆكاری ئاگرەكە نادیارە .

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە