سه‌رۆك كۆماری نه‌مسا خه‌ڵاتی هونه‌ریی ده‌به‌خشێته‌ دوو هونه‌رمه‌ندی كورد

سه‌رۆك كۆماری نه‌مسا خه‌ڵاتی هونه‌ریی ده‌به‌خشێته‌ دوو هونه‌رمه‌ندی كورد

پەیامی کورد... سه‌رۆك كۆماری نه‌مسا خه‌ڵاتی هونه‌ریی ده‌به‌خشێته‌ دوو هونه‌رمه‌ندی كورد

سه‌رۆك كۆماری نه‌مسا، خه‌ڵاتی هونه‌ریی به‌خشییه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی دیاری كورد ، شانۆكاران ( د. نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داخی و شه‌ماڵ عومه‌ر).


ئێواره‌ی 19ی مانگی یه‌كی 2023 له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری نه‌مسا، د. ئه‌لێكسانده‌ر ڤان دێر بێلن سه‌رۆكی كۆمار و خاتوو ئه‌ندریا مایه‌ر، سكرتێری كۆماری نه‌مسا بۆ هونه‌ر و كلتوور، خه‌ڵاتی هونه‌ریی نه‌مسا یان به‌خشیه‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد د. نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داخی و شه‌ماڵ عومه‌ر،ئه‌م خه‌ڵاته‌ ساڵانه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی هونه‌ر و كلتوور و ئه‌ده‌بدا ده‌به‌خشرێته‌ چه‌ند هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رێكی هه‌ڵبژێردراوی سه‌رانسه‌ری وڵاتی نه‌مسا.


خه‌ڵاته‌كه‌، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی بۆردی ڕاوێژكاریی ده‌ستپێشخه‌ریی فه‌رهه‌نگی، خه‌ڵاتی هونه‌ری نه‌مسایی ساڵی 2023 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی فیدراڵی بۆ هونه‌ر، فه‌رهه‌نگ، خزمه‌تگوزاری شارستانی و وه‌رزش، به‌خشرا به‌ سه‌نته‌ری لابۆری شانۆی لالش.
شایانی باسه‌ سه‌نته‌ری شانۆی لالش له‌ ساڵی 1998 له‌ ڤیه‌ننا له‌لایه‌ن نیگار حه‌سیب و شه‌ماڵ عومه‌ر دامه‌زراوه‌ و ناوه‌ندێكی ئه‌زموونییه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و پێرفۆرمانس و نمایشكاریی نێوان كلتووره‌ جیاوازه‌كان. له‌ ماوه‌ی ٢٤ ساڵی كاركردنیدا ، گه‌شه‌ی كردووه‌ و بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین و ناودارترین ناوه‌ندی هونه‌ری له‌ نه‌مسادا.


له‌رێوڕسمی خه‌ڵاته‌كه‌ دا له‌ گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تی نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داخی به‌ سه‌رۆك كۆماری نه‌مسا ی ووت” ئێمه‌ سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌كو دوو هونه‌رمه‌ندی كورد په‌ناهه‌نده‌ی ئه‌م وڵاته‌ بووین، ئێستاش خۆشحاڵین و شانازی ده‌كه‌ین به‌وه‌ی كه‌ به‌ڕێزتان خه‌ڵاتی هونه‌ری نه‌مسا ده‌به‌خشنه‌ ئێمه‌”.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە