فوئاد حسێن : لەسەر چەندین پرس لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رێككەوتووین

فوئاد حسێن  : لەسەر چەندین پرس لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رێككەوتووین

پەیامی کورد  ...    نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق رایدەگەینێ، لەسەر چەندین پرس لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، ئەوەش لە دەرەنجامی كۆبوونەوەی شاندە باڵاكەی بەغدا دێت بۆ هەولێر و كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دەقی راگەیندراوەكەی نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق:

لیژنەی كاروباری ئابووری ١١ـەمین دانیشتنی خۆی لە هەولێر گرێ دا و كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر ئەنجام دا. كە لیژنەی كاروباری ئابووری بە سەرۆكایەتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری – وەزیری دارایی بوو و تێیدا وەزیرانی بازرگانی و پلاندانان و پیشەسازی و كشتوكاڵ و پارێزگاری بانكی ناوەندی و، سەرۆكی دەستەی گشتیی وەبەرهێنان و بریكاری وەزارەتی دارایی و پلاندانان و، راوێژكاری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە نووسینگەی سەرۆكوەزیران و، سەرۆكی هەردوو دەستەی بازگە سنوورییەكان و گومرگ و ژمارەیەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و، شارەزایانی دادگای فیدراڵی، بەشدار بوون.

لیژنەی ئابووری كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، كە بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و، ئامادەبوونی بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و، وەزیرانی ناوخۆ و پلاندانان و تەندروستی و، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ژمارەیەك لە بریكارانی وەزارەتەكانی هەرێم و، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و، شارەزایان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەم كۆبوونەوەیەش دوای بڕیاری كۆبوونەوەی فراوانی لیژنەی ئابووری هات لە دانیشتنی دەیەمی بە گرێدانی كۆبوونەوەی ١١ـیەم لە هەولێر، بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی بەڕێوەچوونی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە ١٣ی  ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩ .

لیژنەی ئابووری هەموو ئەو بڕگە و بابەتانەی تاوتوێ كرد، كە لە خشتەی كارەكانیدا هەبوون و، گوێبیستی بۆچوونە تەكنیكی و یاساییەكان بوون لەلایەن هەردوو لاوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەن و، رێككەوتن لەسەر چەندین خاڵی گرینگ و هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی گشتیی عێراق.

كۆبوونەوەی لیژنە ئەم بڕیارانەی لێ دەرچوو:

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو رێوشوێنە یاساییانە دەگرێتە بەر بۆ جێبەجێكردنی مەحزەری كۆبوونەوەی دەستەی دەروازە سنوورییەكان و، نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكخستنی هەموو رێكارە ئاساییەكان لە دەروازە سنوورییەكانی كۆماری عێراق بە رێكارە یاساییەكانیشەوە لە ماوەی شەش مانگدا .

هەردوو وەزارەتی پلاندانان لە حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنەكانی پۆڵێنكردنی بەڵێندەران لە ماوەی شەست رۆژدا یەك بخەن و، ئەم بڕیارە بۆ لیژنەی كاروباری ئابووری بەرز دەكرێتەوە، تا بڕیاری لەسەر بدرێت.

ڕەزامەندیدان لەسەر میكانیزمی هاوبەشی كار بۆ كاراكردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی عێراقی بۆ هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو بۆ ساڵی ١٩٩٨، كە لەلایەن هەردوو وەزیری پیشەسازی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر بدرێت.

پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكوومەتدا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەو كۆمپانیایانەی چاودێریی ئەم پرسە دەكەن بۆ رێككەوتن لەسەر میكانیزمی پشكنینی كاڵای هاوردە كراو، لە ماوەی ٦٠ رۆژ بۆ پاراستنی تەندرووستی هاووڵاتیان و ژینگە، ئەم لیژنەیە راسپاردەكانی خۆی بۆ لیژنەی كاروباری یاسایی بەرز بكاتەوە بۆ بڕیاردان لەسەری.

ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوو دەستەی باج لە هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ماوەی یەك هەفتەدا بۆ رێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش، بۆ ئەم پرسە لە هەموو عێراقدا.

لیژنەی ئابووری ستایشی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكات لە بارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پاراستنی بەرهەم و، بەردەوامبوونی هەماهەنگی بۆ یەكخستنی بڕیارەكان بۆ بەرژەوەندیی بازرگان و كارمەندانی بواری پیشەسازی و جووتیارانی عێراقی، هەروەها دانانی نوێنەرێكی هەرێمی كوردستان لە لیژنەكە بە فەرمانی دیوانی ژمارە ١٤ بۆ ساڵی ٢٠١٨ی تایبەت بە نەهێشتنی هاوردەكردن.

گرێدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، دوای یەك هەفتە لەم كۆبوونەوەیە بۆ داڕشتنی رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی مۆڵەتی هاوردە و، هەناردەكردن و بەرزكرنەوەی راسپاردەكان بۆ لیژنەی كاروباری ئابووری.

یەكخستنی رێوشوێنی جیاكردنەوەی تەندروستی و ئاژەڵداری و، كاراكردنی كاری هەردوو لیژنەی پێكهێندراو لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی فیدراڵ و، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، بەردەوامیدان بە گرێدانی كۆبوونەوەكانیان بە مەبەستی هەماهەنگیكردنی بەردەوام بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندیی گشتی، هەروەها پێكهێنانی ژوورێكی هاوبەش و بەردەوامی عەمەلیات لە نێوان هەردوو وەزارەت بۆ چارەكردنی حاڵەتی لەناكاو لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشیی درم لە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریدا.

ڕەزامەندیدان لەسەر گرێدانی كۆبوونەوەی دەوری لە ماوەی هەر سێ مانگدا لە نێوان لیژنەی كاروباری ئابووری و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكان و، هەماهەنگیكردن لە پرسە ئابوورییە هاوبەشەكان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە