پەیامی کورد … بنكەی یاسادانانی كوردستان دامەزرا
بەمەبەستی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە یاساییەكانی كوردستان بۆ ئەوەی لە رووی ئەرشیف و گەڵاڵەی یاسایی هاوكار بێت، پەرلەمانی كوردستان بنكەی یاسادانانی كوردستانی دامەزراند.
لە مەراسیمی كردنەوەی بنكەكە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان وتی، ئەم بنكەیە وەك ئەرشیف كاردەكات بۆ گەڵاڵەی هەموو بەڵگە و بڕیار و پرۆژە یاسا و یاسا بەركارەكان كە لە هەرێمی كوردستان و تەواوی دامەزراوە یاساییەكان و كارگێڕییەكان كاریان پێدەكرێت.
باسی لەوەشكرد، هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەت هەیە كە كابینەی نۆیەم دەیەوێت لە رێگەی كەمكردنەوەی رۆتین و چەسپاندنی یاسا گرفتەكانی رێرەوی كارگێڕی بخاتە سەر رێچكەیەكی دروست، داواش لە حكومەت دەكات تەواوی دامەزراوەكانی خۆی رابسپێرێت تاوەكو لە هەموو روویەكەوە بۆ بڕگە و ماددە یاساییەكان و رێنماییە یاساییەكان بگەڕێنەوە بۆ ئەو بنكەیە و بە هەموان هاوكاری بكەن بۆ ئەوەی بەردەوام وەك بانكێكی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ بكەن.
سەرۆكی پەرلەمان لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتی، هەڵەی یاسایی و نەبوونی یاساكان بە پرۆگرامەكانی كۆمپیوتەر و ناشارەزایی كارمەندانی كارگێڕی بەتایبەت لە هۆبەكانی یاسایی دامەزراوەكانی حكومەت هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی دامەزراندنی ئەم بنكەیە دوا بكەوێت.
بنكەی یاسادانانی كوردستان بە مەبەستی خستنەڕووی دۆخی یاسایی و پاراستنی دەقە یاساییەكان و ئاسان گەیشتنی پەیوەندیداران بە زانیارییەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی، هەروەها هەنگاوی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری یاساییە لە كوردستان و بە سەرۆكایەتی لیژنەی یاسادانانی پەرلەمانی كوردستانەوە دەبەسترێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە