پەیامی کورد... لە ئیمارات ١٠٠٪ی خەڵک ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان بە کار هێناوە
دەوڵەتی ئیمارات ڕایدەگەیەنێت هەڵمەتی نیشتمانی بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ڕێژەی بەکارهێنان گەیشتە ١٠٠٪ هاووڵاتییان.
لەمبارەیەوە وەزارەتی تەندروستی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی ئیمارات ڕایگەیاند، هەڵمەتەکانی بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا کە بە چەند قۆناغێک دەستیپێکرد، توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بەرگرییەکی گشتی دژی ڤایرۆسەکە دروست ببێت و حاڵەتەکانی تووشبوون بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوکەمبونەوە بچن.
هەروەها ڕوونیشی کردەوە، لە قۆناغی یەکەمدا، کە تایبەت بوو بە خۆبەخشەکان، کەسانی نەخۆش و بەتەمەن بە لەبەرچاوگرتنی دۆخیان ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان پێدرا و لەقۆناغەکانی دیکەدا سەرجەم چین و توێژەکانی گرتەوە، بەو شێوەیەش ڕێژەی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە گەیشتە ١٠٠٪.
هاوکات ئەوەشی خستە ڕوو، گەیشتن بەو ڕێژە بەرزەی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەڕێگەی بەردەستخستنی ڤاکسینەکە لەتەواوی بنکە تەندروستییەکانی سەر بە دەوڵەت و کەرتی تایبەت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و بەردەستخستنی سەرجەم جۆرەکانی ڤاکسینەکە کە کاریگەرییەکانی سەلمێنراون بەدی هاتووە.
شایەنی باسە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئیمارات، یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە لیستی یەکەمی وڵاتانی جیهان دەستی بە هەڵمەتی کوتانی بەکۆمەڵ کرد لەدژی کۆرۆنا، ئەمەش دوای تەنیا چەند ڕۆژێک لە پێشکەشکردنی داواکاری فەرمیی کڕینی ڤاکسینیی سینۆفارمی چینی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە