پەیامی کورد ... لە ڕاگەێندراوێکدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند ، سکاڵایەک لە دژی عادل عەبدۆلمەهدی تۆمار نەکراوە .
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا دژی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ سكاڵایەك لە دژی عەبدولمەهدی تۆمارنەكراوە.
لە 25ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن، تا ئێستاش بەهۆی گوللەی هێزە ئەمنییەکان و گروپە نەناسراوەکانەوە زیاتر لە ٤٢٠ خۆپیشاندەر کوژراون.
فایەق زەیدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خۆپیشاندەران دەستپێكردوە و ژمارەیەك ئەفسەر و فەرماندەی سەربازی و ئەمنیش تێوەگلاون و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەكەن بە مەبەستی دادگاییكردنیان لە دادگای سەربازیی، كە هەندێكیان ئەگەر تۆمەتەكانیان بەسەردا ساغ ببێتەوە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.
زەیدان باسی لەوەشکرد، "تا ئێستا هیچ سكاڵایەك لەسەر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق تۆمار نەكراوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە