سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە

لە ساڵیادی ڕاپەڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ١٩٩١دا، په‌رله‌مانی كوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو لە پەیامەکەدا هاتووە، لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییانەی ئەمڕۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتووه‌تەوە، هەقە هەموو لا بە گیانی رۆژانی راپەرین کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکەن و، کاری جیددییش بکرێ بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی  کۆمەڵانی خەلك و، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و  دابینکردنی دادپەروەری و سەروەریی یاسا.

دەقی پەیامی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا
بەبۆنەی 27ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی كوردستان لە 5ی ئاداری 1991، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدانی كوردستان و کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و ڕاپەڕین و پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەری گەلی كوردستان بە گشتی و جەماوەری شاری "رانیە"ی دەروازەی ڕاپەڕین بەتایبەتی دەكەین.
  ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وەرچەرخانێكی میژوویی گرینگ بوو، بەری خەبات و خۆڕاگریی گەلەکەمان بوو دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی سەددام، کە بە یەکڕیزیی میللەتەکەمان و هاوخەباتیی لایەنە سیاسییەکان بەدەست هات و بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 دا و دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قۆناغی حوکمڕانیی ئازادانە و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان دەستی پێکرد. لەم قۆناغە هەستیار و پڕِ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییانەی ئەمڕۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتۆتەوە، هەقە هەموولا بە گیانی رۆژانی راپەرین کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکەن و کاری جدیش بکرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی  کۆمەڵانی خەلك و بەرەنگاربوونەوەی  گەندەڵی و  دابینکردنی  دادپەروەری و سەروەریی یاسا.
هەرچەندە هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر داعش بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا هەرەشەو مەترسیی گەورەی تیرۆریستان و دوژمنان لەسەر هەرێم و دەسکەوتەکانی راپەرین و مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان کۆتایی نەهاتووە، هیواخوازین هێزو لایەنە سیاسییەکان گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان بكەنە هەوێنی تەبایی و یەكڕیزی و خۆڕاگری بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و مافە رەواكانی گەلەكەمان و هەنگاونان بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاڵۆز و  بارە نائاساییەی کە لەناوچە  کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم  لە ئارادایە و  چارەسەركرنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكاندا. جونکە ڕاپەڕین ئەو راستییەی سەلماند كە تەنیا بە یەكڕِیزیی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان دەتوانرێت سەركەوتنی گەورە تۆمار بكرێت.
جارێکی تر سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان دادەنوێنین و سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
4/3/2018

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە