داوا دەکریت لە کابینەی نوێ ڕۆڵی ژنان لە بەرچاو بگیرێت

داوا دەکریت لە کابینەی نوێ ڕۆڵی ژنان لە بەرچاو بگیرێت

پەیامی کورد    ...    لایەنە سیاسییەكان ژمارەیەك كاندیدی ژنیان بۆ وەرگرتنی پۆست لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دیاری كردووە، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانیش دەڵێ، ژمارەی ژنانی نێو حكوومەت، لە كابینەكانی رابردوو زیاتر دەبێت.

پەخشان زەنگەنە، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان،  رایگەیاند: "بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان داواكاری پێشكەش بە مەكتەبی سیاسی ھەموو ئەو لایانانە كردووە كە دەیانەوێ بەشدار بن لە پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەوەی رێژەیەكی بەرچاوی ژن بەشدار بن، ھەروەھا دوای راسپاردنی لەلایەن پارتییەوە، داوامان لە مەسروور بارزانی كردووە لە دانانی وەزیرەكاندا رێژەی ژن لە بەرچاو بگیرێت".

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان گوتیشی: "ھەموو لایەنە سیاسییەكان بەڵێنی ئەوەیان پێ داوین كاندیدی ژنیان دەبێت بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەپێی زانیارییەكانی ئێمەش، چەند ژنێك كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان، كە ژمارەیان گەیشتووەتە سێ ژن".

زەنگەنە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە پڕۆژەیاسایەكمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی رێژەی ژنان لەنێو حكوومەتدا جێگیر بكرێت و ھاوشێوەی پەرلەمان لە ٣٠% كەمتر نەبێت، ھەرچەندە ئەوەی ئێستا ئێمە تێبینیمان كردووە لە دیاریكردنی كاندیدی ژن، نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیە، بەڵام جێگەی خۆشحاڵیی ئێمەیە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە