سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمان، وەڵامی فیردەوس عەوادی دەداتەوە

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمان، وەڵامی فیردەوس عەوادی دەداتەوە

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لە وەڵامی قسەکانی فیردەوس عەوادی، ئەندام پەرلەمانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هاوکاری کردنی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، ئەرکە لەسەریان.

 

فیردەوس عەوادی رایگەیاندبوو، پێشكەشكردنی هاوكاری دارایی ئەمریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، لەرێگەی هەژماری بانكێك لە ئەمریكا، رێزنەگرتنە لە سەروەری عێراق و  هاندانی هێزەكانی پێشمەرگەیە بۆ یاخیبوون لە حكومەتی عێراق، هەروەها داواشی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، کە لەئاست ئەم پرسە بێدەنگ نەبێت.

 شیلان جەعفەر، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لە وەلامی قسەکانی فیردەوس عەوادی رایگەیاند "هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو هێزەبوو، کە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆری کرد، بۆیە هاوکاریکردنی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، وەکو ئەرکێک وایە لەسەریان”.

شیلان جەعفەر گوتیشی "هەتا ئەم جۆرە کەس و لایەنانە لە پەرلەمانی عێراق و دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا بن، کە هەمیشە هەن، ئەگەر ئێمەی کورد سەربەخۆ نەبین، لەگەڵ ئەوان بە هیچ ناگەین”.

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە پێشیوایە، ئەو شەراکەتەی، کە لەدەستووردا هاتووە، هیچ کاتێک رێگە نادەن کورد شەریکێکی حەقیقی بێت لە عێراق، چونکە بە درێژایی مێژوو ئێمەی کورد ئەو کێشەیەمان هەبووە، هەرکاتێک ئەوان لە لوتکەی دەسەڵاتدا بن پەلاماری کوردیانداوە. دەشڵێت "ئەگەر ئەوان خەمخۆرن بۆ پاراستنی یەک پارچەیی خاکی عێراق، با دەستووری عێراق پێشێل نەکەن و ماددەکانی دەستوور جێبەجێبکەن”.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە