گەنجێکی ئیلامی لە بەندیخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

گەنجێکی ئیلامی لە بەندیخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

پەیامی کورد … گەنجێکی ئیلامی لە بەندیخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

گه‌نجێكی زیندانی خەڵکی شاری مێهران له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لەمبارەیەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكرده‌وه‌، بەندکراوێک بە ناوی ڕوحوڵڵا مەلەکی تەمەن ٣٠ سال و خەڵکی شاری مێهران کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە ناو بەندیخانەی ئیلام و لە ڕێگای خواردنی دەرمانەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕوحوڵڵا مەلەکی لە کاتێکدا چوارەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی خۆی لە ژووری تاکەکەسی تێپەڕ دەکرد، لەرێگای خواردنی دەرمان هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ڕۆژی دواتر (١ی دێسامبر) گیانی لە دەست داوە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشكردووە :ڕوحوڵڵا مەلەکی دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی داوە گوازراوەتەوە بۆ بنکەی تەندروستیی بەندیخانەی ئیلام. لەوێ گەدەیان شۆردووە و بەبێ ئەوەی هیچ چاوەدێرییەکی پزیشکی هەبێت و لە کاتێکدا باری تەندروستی ناجێگیر بووە گەڕێندراوەتەوە بۆ ناو بەندەکەی خۆی و هەر بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست داوە.

ڕوحوڵڵا مەلەکی خەڵکی شاری مێهران رۆژی (٦ی ئازاری ٢٠٢١) بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و دوو ساڵ دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئیلامەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە