مانگی ڕابردوو لە ئێراندا ١٤٢ بەندکراو لە سێدارە دراون

مانگی ڕابردوو لە ئێراندا ١٤٢ بەندکراو لە سێدارە دراون

پەیامی کورد... مانگی ڕابردوو لە ئێراندا ١٤٢ بەندکراو لە سێدارە دراون


لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٤٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون و بە شێوەی ناوەندی هەر دوو ڕۆژ ٩ بەندکراو لەسێدارە دراون. ڕێژەی لەسێدارەدراوانی ئەم یەک مانگە زۆرترین ئاماری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تۆمار کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی مەیی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٤٢ بەندکراو لە بەندیخانە جیاجیاکانی ئێراندا لەسێدارە دراون کە ٣٧٪ی کۆی ئەو ئامارەش بەندکراوانی بەلووچ و کورد بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣١ بەندکراوی بەلووچ، ٢٢ بەندکراوی کورد، ٩ بەندکراوی تورک و ٦ هاووڵاتیی وڵاتی ئەفغانستانیش لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون و لەو ڕێژەیەش هێشتا ناسنامەی ٣٧ بەندکراویان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

لە کۆی گشتیی ئەو ١٤٢ بەندکراوە کە لەسێدارە دراون، ٦ بەندکراو بە تۆمەتی سیاسی و باوەڕی ئایینی، ٨٣ بەندکراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، ٤٧ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، ٤ بەندکراو بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و ٢ بەندکراویش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و" افساد فی‌الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و لەسێدارە دراون.

شایانی باسە کە لە ماوەی ئەم مانگەدا سزای سێدارەی ژنێک لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد و هەروەها سزای سێدارەی پیاوێک لە شوێنێکی گشتیی شاری مەراغە و لە پێش چاوی خەڵکەوە جێبەجێ کران.

زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراوان لە بەندیخانەی کرمان تۆمار کراوە کە ١٦ کەسە و هەروەها لە بەندیخانەکانی قەزڵحیسار ١٤ کەس، ڕەجاییشار ١٤ کەس، ئیسفەهان ١١ کەس، بەندەرعەباس ١٠ کەس، ڕەشت ٩ کەس، خورام‌ئاوا ٨ کەس و سنە ٦ کەس تۆمار کراوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە