نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە

پەیامی کورد   ...    لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 19/6/2019  كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان، یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش، ڕۆڵ و قوربانیدانی هەرێمی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆر و پاراستنی پێكهاتەكان بێ جیاوازی و حەواندنەوەیان، بەرز نرخاند.

 هەروەها كورتەیەكی دەربارەی‌ كارەكانیان لە كۆكردنەوەی بەڵگەكان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و بەدواداچوونی كەیسی تاوانەكانی داعش، پشتگیری یاسایی بۆ كارەكانیان و جۆرەكانی تاوانە ئەنجامدراوەكان، كە لە عێراق جگە لە یاسای تاوانەكانی تیرۆر، یاسای تاوانەكانی جەنگ و جینۆساید نییە‌، هەروەها سەردانی مەیدانیی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و هەڵدانەوەیان، هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم و دۆزینەوەی تاوانباران و مسۆگەركردنی دادگاییكردنیان، خستە ڕوو، جەختیشی لە گرنگی هەماهەنگی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەولێر و بەغدا كردەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای دەستخۆشی لە كاری تیمەكەیان، ئامادەیی و پابەندیی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و كاری هاوبەش لەگەڵ تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەتی عێراق بۆ بەدیهێنانی دادوەریی لەم كەیسەدا دووپات كردەوە، هەروەها پوختەیەكی دەربارەی قوربانیدانی هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێشكەش كرد و جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە پرەنسیپ و بنەماكانی پێكەوەژیان و پاراستنی پێكهاتەكان كردەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە