ئەمریکا فڕۆکەی F16 بۆ کەنداو دەنێردرێت

ئەمریکا فڕۆکەی F16 بۆ کەنداو دەنێردرێت


پەیامی کورد... ئەمریکا فڕۆکەی F16 بۆ کەنداو دەنێردرێت


بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی ڕایگەیاندک وڵاتەکەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا فڕۆکەی F16 ڕەوانەی ناوچەی کەنداو دەکات، بۆ دابینکردنی سەلامەتی ئاسمانی بۆ کەشتییەکانی گەروی هورمز و ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی ئێران.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، بڕیاری ناردنی فڕۆکەی شەڕکەر ئامانجی بەهێزکردنی فڕۆکە چەکدارەکانی جۆری A-10 یە، کە زیاتر لە هەفتەیەک دەوریەی ناوچەکەیان داوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران هەوڵەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان زیادیکردوە، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەرپەرچدرانەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دوو هەفتە لەمەوبەر باسی لەوەکرد، کە هێزە دەریاییەکانیان دو هەوڵی هێزەکانی ئێرانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دو تانکەری نەوتهەڵگر لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە کەناراوەکانی عومان پوچەڵکردەوە، کە لە یەکێک لەو هەوڵانەدا ئێرانییەکان تەقەیان لە تانکەرێک کردوە.

ترسەکان لە پەرەسەندنی هەڕەشە دەریاییەکان لە کاتێکدا پەرەیسەندوە کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران وەستاون، هەفتەی ڕابردو پاسەوانی کەناراوەکانی ئەندەنوسیا تانکەرێکی زەبەلاحی بە هەڵکردنی ئاڵای ئێران دەستگیرکرد، بە گومانی گواستنەوەی نەوت بە شێوەیەکی نایاسایی.

هاوکات ئەندامانی کۆماریخوازی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نامەیەکی نوێیان ئاڕاستەی ئیدارەی سەرۆک بایدن کرد و داوایان لێکرد سزاکانی سەر پیشەسازی نەوتی ئێران جێبەجێ بکات.

لە نامەکەدا داوای پەرەپێدانی ستراتیژێک دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پیشەسازی پترۆکیمیای ئێران، هەروەها داوای سەپاندنی سزا بەسەر تاک و قەوارەکانی چین دەکات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە