پەیامی کورد... ئەمریكا دوا هۆشداری لەرێگای سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بۆ ئێران ناردووە
ئەمریكا دوا هۆشداری بۆ ئێران ناردووە و ڕایگەیاندووە،"تاران پابەندنەبێت روبەڕوی گورزی سەربازی واشنتۆن دەبێتەوە و ئامادەیە جەنگی سەرتاسەری دژی ئێران بەرپا بكات".
رۆژنامەی (الجریدة)ی كوەیتی بڵاویكردووەتەوە،"هۆكاری گەشتی بەپەلەی سودانی بۆ تاران دوای چەند كاتژمێرێك لە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەغداد, گەیاندنی پەیامێكی نوێی هۆشداری ئەمریكا بووە بۆ خامنەیی".
ئاماژە بەوەشدراوە،"پەیامەكە، بلینكن لە بایدنەوە گەیاندویەتیە بەرپرسانی عێراق و تیایدا داوای كردووە ئێران پابەندبێت و بەنزین نەكات بە ئاگری جەنگی غەززەدا".
ئەوەشخراوەتەڕوو،"بایدن پێداگرە لەسەر بەكارهێنانی هەموو هێز و توانای ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ وەشاندنی گورزێكی بە ئازار لە ئێران, تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێكی سەرتاسەری لەنێوان هەردوو وڵات, ئەگەر دەستوەردان بكات لە جەنگی غەززە, یان ئەگەر گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی بەردەوامبن لە كردنە ئامانجی بەرژوەندییەكان و بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق".
هەروەها هاتووە،"سودانی بەلایەنی ئێرانی راگەیاندووە, پەیامەكەی ئەمریكا دوا ئاگاداركردنەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ تارانی بنێرێت, دوای ئەوە دەبێت ئێرانییەكان پێشبینی وەڵامی ئەمریكا بكەن بۆ ئەو هێرشانە".
هۆشدارییەكەی ئەمریكا بۆ تاران هاوكاتە لەگەڵ گەیشتنی ژێردەریایی ئەتۆمی فلۆریدا, كە موشەكی جۆری تۆماهۆكی هەڵگرتووە بۆ كەنداو و دەچێتە پاڵ ئەو هێزگەلەی ئەمریكا كێشی كردووە بۆ ناوچەكە, كە دوو فرۆكە هەڵگری زەبەلاح و یەكەیەكی دەریایی بۆ دەستوەردانی خێرا لەخۆدەگرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە