ئەمریكا هەوڵی رێككەوتنی سعودیە‌و ئیسرائیل دەدات

ئەمریكا هەوڵی رێككەوتنی سعودیە‌و ئیسرائیل دەدات

پەیامی کورد... ئەمریكا هەوڵی رێككەوتنی سعودیە‌و ئیسرائیل دەدات


رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایدەكات ئیدارەی بایدن خەریكی هەوڵێكی دوورو درێژە بۆ رێككەوتنی سعودیەو ئیسرائیل.

كاتێك محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە جددە كۆبووەوە، ئەوە بەشێك بوو لە ستراتیژیەتی ئیدارەی بایدن بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی لەگەڵ شانشینی سعودیە.

دەوترێت كۆشكی سپی هەوڵدەدات نێوەندگیریی بكات لە لێكتێگەیشتنێكی نوێی نێوان سعودیەو ئیسرائیلدا.

دوای ماوەیەكی كەم لە فڕینی فڕۆكەكەی لە ریاز، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندی بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلەوە كرد، لەماوەی 40 خولەكدا كورتەیەكی لەبارەی داواكارییە گرنگەكانی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی لاوی سعودیە بە ناتانیاهۆ راگەیاند، كە خستویەتیە بەردەم ئیسرائیل بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان، ناتانیاهۆ داواكارییەكانی زانی.

بەوتەی دوو بەرپرسی ئەمریكیی، ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە وەرچەرخانێك بوو لە هەوڵە دوورو درێژەكانی ئیدارەی بایدن بۆ نێوەندگیری لەنێوان سعودیە‌و ئیسرائیلدا.

ئیسرائیل‌و سعودیە دوو نەیاری مێژوویی یەكترن كە چونەتە ناو پەیوەندییەكی خۆشەویستی نهێنییەوە بەهۆی ئەوەی هەردووكیان متمانەیان بە ئێران نییە وەكو نەیارێكی سەرسەخت.

كۆشكی سپی كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە تاڕادەیەك بەوە رازی بووە لە یاری پۆكەری دیپلۆماسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە دەرەوە، ئێستا بڕیاریداوە بچێتەوە ناو گەمەكە.

هەروەها هەندێك لە بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن ئەگەری رێككەوتنی نێوان سعودیە‌و ئیسرائیل رەنگە لە 50% كەمتر بێت، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش دەڵێ" توشی وەهم نەبووم" لەوەی رێگای گەیشتن بەرێككەوتنەكە زۆر خێرا دەبێت‌و ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان سعودیە‌و ئیسرائیل یەكێك دەبێت لە رووداوە زۆر دراماتیكییەكان لە دووبارە رێكخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە ئەمەش لە سودی سەركردەی هەردوو وڵات‌و جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكاش دەبێت كە ساڵی داهاتوو دەچێتەوە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.

بەپێی رۆژنامەكە ،دانپێدانانی سعودیە بە ئیسرائیلدا سەركەوتنێكی سیاسی بەرچاو دەبێت بۆ بنیامین ناتانیاهۆ كە گەمارۆ دراوە‌و لەناوخۆدا حكومەتەكەی دوچاری دژایەتییەكی گەورە بووەتەوە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە شازادەی جێنشینی سعودیەش بەدوای پەیوەندییەكی ئەمنی بەهێزتردا لەگەڵ ئەمریكا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بتوانێت دەستی بە چەكی زیاتری ئەمریكی رابگات‌و ئەمریكا رەزامەندی نیشان بدات لەوەی سعودیە وەكو بەشێك لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی بتوانێت كاری پیتاندنی یۆرانیۆم بكات، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە ئەمریكا لە مێژە دژی وەستاوەتەوە.

لەكۆتاییدا ئەوەش هاتووە ،راستیەك هەیە ئەوەیە دەبێت هەموو لایەنەكان رێڕەوی خۆیان پێچەوانە بكەنەوە‌و لەسەر هەڵوێستێكی درێژمەودا رێككەوتن بكەن: بەلای ئیسرائیلەوە دەوڵەتەكەی رێگە بەوە نادات لە سعودیە پیتاندنی یۆرانیۆم بكرێت، بەلای سعودیەوە بەبێ دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین، ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەدی نایەت، بۆ بایدنیش چەسپاندنی هاوپەیمانێتییەكی بەهێزتر لەگەڵ سعودیە وادەكات بتوانێت بەشێوەیەكی ئاشكرا باس لەوە بكات بۆچی هەڵوێستی خۆی لەبارەی جێنشینی سعودیەوە گۆڕیوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە