پەیامی کورد... ئەمریکا: لە ڕووداوێکی تەقەکردندا ١٠ کەس کوژران
ڕووداوێکی تەقەکردن لە ئەمریکا کە پاڵنەرەکەی ڕەگەزپەرستییە و سپیپێستێک ئەنجامی داوە، ١٠ کوژراو و سێ برینداری لێکەوتەوە کە سەرجەمیان ڕەشپێستن.
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری دەسەڵاتدارانی شاری بوفاڵۆ لە خۆرئاوای نیویۆرک بڵاوی کردەوە، بکوژەکە ناوی پایتۆن ئێس جێندرۆن-ە کە تەمەنی ١٨ ساڵە و سپیپێستە، بە پاڵنەری ڕق و ڕەگەزپەرستی ئەو کارەی کردووە.
تەقەکەرەکە خەڵکی شارۆچکەیەکە بە ناوی کۆنکلین کە سێ کاتژمێر و ٣٠ خولەک بە ئۆتۆمبێل لە شوێنی ڕووداوەکەوە دوورە، بەڵام خۆی گەیاندووە بە شاری بوفاڵۆ بە دیاریکراوی ناوچەی ماستن پارک و کینگسلی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی ڕەشپێستن و لە گەراجی سوپەرمارکێتێکدا دەستڕێژی گوللەی کردووە و سێ کەسی کوشتووە و کەسێکی بریندار کردووە، دواتر چووەتە ناو سوپەرمارکێتەکەوە و دەستڕێژی گوللەی لە نۆ کەس کردووە و حەوتیان کوژراون و دووانیان بریندارن و سەرجەمیان ڕەشپێستن.
بەپێی زانیارییەکان، بکوژەکە پێشتر تۆمەتبار بووە بە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و وتاری ڕەگەزپەرستییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە، کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەش خۆی پڕچەک کردووە و تەنانەت کڵاوی سەربازی (خوودە)ی لە سەرکردووە، هەروەها کامێرای لە خۆی بەستووە و تەقەکردن و کوشتارەکەی بە ڕاستەوخۆ پەخشکردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە