پەیامی کورد... ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دژی چین مانۆڕێكی سهربازیان ئەنجامدا
ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا لەسەر بنەمای ستراتیژییەکانی لایەنەکان لە ناوچەی هیند-پاسیفیک مانۆڕێکی دەریایی دوو رۆژەیان دژبە چین ئەنجامدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی باڵای یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا لە دووی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بڕیاری لەسەر درا لە رۆژانی ٢٣ و ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٣ یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا مانۆڕێکی دەریایی هاوبەشیان ئەنجامدا".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کەشتی جەنگی ئەمریکی USS Paul Hamilton و کەشتیی ئیسپانی Reina Sofia لە ئۆپەراسیۆنی ئەتالانتای هێزی دەریایی یەکێتیی ئەورووپا و کەشتیی ئیتاڵی Carlo Bergamini بەشدارییان لە مانۆڕەکەدا کردووە، هەروەها مەشق و راهێنان بە مەبەستی باشترکردنی رێکارەکانی سەرکەوتنەسەر کەشتی و گەشتکردن و یەکخستنی کەشتییەکان لە مانۆڕەکەدا ئەنجامدراون.
لە راگەیەندراوەکەدا شوێنی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکە نەخراوەتەڕوو و هاتووە: "ئەو مانۆڕە بەشێکە لە بەڵێنە هاوبەشەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا کە سەبارەت بە هاوکارییە دەریایییەکانیان دراوە. هەروەها مانۆڕەکە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ناوچەی هیندستان-پاسیفیک، هاوتەریب لەگەڵ بەڵگەنامەکانی وەک ستراتیژیی هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە هیند-پاسیفیک و ستراتیجیی ئەمریکا سەبارەت بە هیندستان-پاسیفیک ئەنجام دراوە.
ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دووپاتی دەکەنەوە کە زیاتر کاری هاوبەش و هەماهەنگی بۆ ئاسایشی دەریایی لە ناوچەی هیندستان-پاسیفیک دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ پاڵپشتیکردنی بەکارهێنانی دەریاکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان". باس لەوە دەکرێت کە ئامانجی سەرەکی ئەم مانۆڕە دژایەتیکردنی چینە لە ناوچەی پاسیفیک.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە