پەیامی کورد ... زانیاریی لەبارەی دانانی ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پۆستی سەرکردە دەست بەسەرکراوەکەی حزبەکە بڵاو دەبێتەوە.
پاش ئەوەی دوێنێ سێشەممە ٢٧ی ٨ی ٢٠١٩، (باسنیوز) لە زاری سیروان کوێخا نەجم، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی و ئەندامی سەرکردایەتیی حزبەکە ئاشکرای کرد کە ناوبراو دەستگیر کراوە. ئەمڕۆ زانیاریی لەبارەی دانانی مستەفا چاڵاوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی بڵاو بووەوە.
لەمبارەیەوە مستەفا چاڵاوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بۆ وەرگرتنی پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی، تاوەکوو ئێستا بەفەرمی ھێچ گفتوگۆیەکم لەگەڵدا نەکراوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوە کراوە و ”پێیان گوتم کە ئیشیان پێمە، منیش دەچم بزانم ئیشەکە چییە؟“.
چاڵاوی ڕوونی کردەوە کە ئەو کادیری یەکێتییە و حزبەکەی هەر ئەرکێکی پێ بسپێرێت، رەتی ناکاتەوە و هەوڵدەدات خزمەت بە حزبەکەی بکات.
پێشتر سیروان کوێخا نەجم بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە نازانێت هۆکاری دەستگیرکردنەکەی چییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ئاسۆ مامەند، ناسراو بە ئاسۆ ئەڵمانی مشتومڕی بووە لەنێو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەدا.
دوێنێ سێ شەممە 27/8/2019 بە مەبەستی وەرگرتنی لێدوانێک لەبارەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی، (باسنیوز) پەیوەندی بە سیروان کوێخا نەجم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە کرد، بەڵام ناوبراو ڕای گەیاند کە حاڵی زۆر خراپە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی لە قەڵاچۆڵان دەستبەسەری کردووم، بەبێ ئەوەی بزانم هۆکارەکەی چییە و هیچیان پێ نەگوتووم“.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ڕوونی کردەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بانگیان کردووە، کاتێک چووەتە لایان، وایزانیوە دەیبەن بۆ لای کۆسرەت ڕەسووڵ، بەڵام ”لە پڕێکا سواری ئۆتۆمبێلیان کردم و منیان هێنایە ئێرە“.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە