بەپەلە ... ئاسایشی کەرکووک هۆشداری توند دەدات

بەپەلە ... ئاسایشی کەرکووک هۆشداری توند دەدات


گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک، ڕای دەگەیەنێت، کە تیرۆریستانی داعش لە سنوورەکەدا خۆیان ڕێکخستووەتەوە و بەھێزبوون و شەوانەش ھێرش بۆسەر ھێزە عێراقییەکان دەبەن.

فەرھاد حەمە عەلی، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک، ڕاگەیاند: ”ئەو ھێزانەی سنووری پارێزگای کەرکووکیان کۆنترۆڵکرد نەیانتوانی بەتەواوی ناوچەکان لە چەکدارانی داعش پاک بکەنەوە، زۆربەی تیرۆرستانی داعش لە گوندەکاندا مابوونەوە و دووبارە خۆیان ڕێکخستووەتەوە و شانە نووستوەکانیان شەوانە ھێرش دەکەنە سەر ھێزە عێراقییەکان بەتایبەت لە سنووری ڕیاز، گوندەکانی داقوق، حەویجە و شوێنەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک“.

گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک، ئەوەشی خستە ڕوو، کە ھێزە عێراقییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە و ھێمنی و ئارامی بۆ ناوچەکە دابین بکەن، ئەو ھێزانەش لە پێکھاتە و دانیشتوانی کەرکووک نین، بۆیە خەڵکی کەرکووک متمانەی پێناکەن و لە دڵەڕاوکێدا دەژین.

ئاشکراشی کرد، کە داعش خۆی بەھێز کردووە، شەوانە ھێرش دەکاتە سەر ھێزە عێراقییەکان و ئەگەر ئەم ھێرشانەش بەردەوام بێت، لە داھاتوودا مەترسییان گەورەتر دەبێت، چونکە زۆر جاریش دێنە سەر شەقامە سەرەکییەکان و بازگە دادەنێن و خەڵک دەڕفێنن و خەڵک دەکوژن، گوتیشی: ”لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ڕێژەی تاوانەکانی کوشتن، ڕفاندن، دزینی ئۆتۆمبێل و دانانی بۆمب و ھەڵکوتانە سەر ماڵان لە ھەڵکشاندایە“.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە