پەیامی کورد... تاهیر خەلیلی هونەرمەندێكی ناسراوی كورد كۆچی دواییكرد
هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی كورد تاهیری خەلیلی لە سلێمانی كۆچی دواییكرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣،، هونەرمەند تاهیری خەلیلی لەناو ماڵەكەی خۆیدا لە گەڕەكی راپەڕین-ی سلێمانی كۆچی دواییكرد.
سامان نادر، لێپرسراوی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی راگەیاند، ئاگاداركراین لە رووداوی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەك لە گەڕەكی راپەڕینی سلێمانی و تیمەكانمان رەوانەی شوێنی دیاریكراو كرد.
وتیشی، “بەپێی ئەو ئاگادارییەی پێماندراوە كەسەكە هونەرمەند تاهیری خەلیلی-یە”.
تاهیری خەلیلی لە ساڵی 1956 لە شاری بۆکان-ی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایکبووە. یەكەم بەرهەمی هونەری لە تەمەنی 15 ساڵیدا بڵاوكردووەتەوە، دەنگدانەوەی بەرهەمەكەی بوو بەهۆی ئەوەی راگەیاندنە کوردییەکانی ئەوکاتی ئێران بۆ وتووێژ بانگی بکەن، چەند بەرهەمێکیشی لە تەلەفزیۆنی مەهاباد تۆمارکردووە لەوانە، (دەنگ و رەنگ، شەوی تاریک و بێدەنگ، گوڵی مەهاباد و کیژۆڵەی کوردستان). لە كاروانی هونەریدا خاوەنی زیاتر لە 50 گۆرانی و سروودی نەتەوەییە و بەتایبەتیش بە سروودی “لە قەندیلی سەربەرزەوە” ناوبانگی دەرکرد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە