پەیامی کورد... ڕێژەی گیان لەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا لە هەڵکشاندایە
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت ژمارەی گیان لەدەستدانی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵدەدەن لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا لە زیادبووندایە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی ئەو کۆچبەرانەی ئەم ڕێگا مەترسیدارە بۆ کۆچکردن هەڵدەبژێرن، کەمتر بووەتەوە.
کۆچکردن لە ساڵی ٢٠١٥دا بەرزترین ژمارەی تۆمار کرد و زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر و کۆچبەر لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەورووپا پەڕینەوە. ژمارەکە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بۆ ١٢٣ هەزار و ٣٠٠ کەس دابەزیوە، بەڵام دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٣٢٠٠ کەس لە دەریادا یان گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون و ئەمەش واتە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی گیان لەدەستدانەکان نزیکەی هەزار کەس زیادی کردووە.
شەبیا مەنتوو، گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت جگە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە دەریادا، ڕەنگە ژمارەیەکی زیاتریش بە درێژایی ڕێگاکانی ناو بیابانی سەحرا، و ناوچە سنوورییە دوورەکان گیانیان لەدەستدابێت یان بێسەروشوێن بووبن.
مەنتوو دەڵێت گیان لەدەستدانەکان زۆربەی کات لە وڵاتانی ترانزێتدا ڕوو دەدەن، لەوانە ئێریتریا، سۆماڵ، جیبۆتی، ئەسیوپیا، سووددان و لیبیا.
گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت پەنابەران بۆ کۆچکردن بژاردەیەکی کەمیان لەبەردەستدایە، جگە لە پشت بەستن بە قاچاخچیەکان و دەشڵێت "ئەوان ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر لەلایەن قاچاخچییەکان دبنەوە، چ لە ڕێگا وشکانییەکاندا کە لە ڕێگای سەحرا و بیابانەکانەوە تێ دەپەڕن، و چ لە لیبیا و توونسەوە کە بەرەو ئیتاڵیا یان ماڵتا لە ڕێگای دەریاوە کۆچ دەکەن."
مەنتوو دەڵێت "لە زۆر حاڵەتدا ئەو کەسانەی لە گەشتەکەیاندا بە ڕێگای بیابان و سەحراوە ڕزگاریان دەبێت و هەوڵی پەڕینەوە لە ڕێگای دەریاییەکانەوە دەدەن، زۆر جار قاچاخچییەکانیان بەجێیان دەهێڵن و ڕێگا و بان ون دەکەن و هەندێک لەوانە کە لیبیا بەجێ دەهێڵن دەستبەسەر دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو وڵاتە و دواتریش لەوێ زیندانی دەکرێن".
گوتیشی ساڵانە هەزاران کەس لە دەریاکاندا بێ سەر و شوێن و نوقم دەبن.
کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران داوای کارێکی زیاتر دەکات بۆ ڕێگریکردن لە مردن و قوربانی بوونی کۆچبەران و پێشکەشکردنی ڕێکارێک بۆ گەشتە مەترسیدارەکان و هەروەها داوای زیادکردنی هاوکاری مرۆیی و چارەسەر بۆ ئەو کەسانە دەکات کە پێویستیان بە یارمەتی و پاراستنی نێودەوڵەتییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە