پەیامی کورد ... بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، چیدیکە رێگەنادەن "دەستەگەری و پشکپشکێنە" بەناوی یەکێتییەوە بکرێت و بۆ بەستنی کۆنگرەش کات بەفیڕۆنادەن.
ئەمڕۆ لە لە دەباشان، بافڵ تاڵەبانی، کوڕی گەورەی مام جەلال لەگەڵ سکرتاریەت و لێپرسراوی کۆمیسیۆنەکانی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەتەوە و "بە وردی" گفتوگۆ لەبارەی دوا ھەنگاوەکانی بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی کراوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە "چیتر رێگەنادەین بەناوی یەکێتییەوە شەرعییەت بە دەستەگەری و پشکپشکێنە بدرێت و موزایەدەش بەناوی خوێنی شەھیدانەوە بکرێت".
لەبارەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە ئێستا مژاری گەرمی نێو ئەو حیزبەیە، بافڵ تاڵەبانی گوتویەتی "چیتر بۆ بەستنی کۆنگرە کات بەفیڕۆنادەین و کۆنگرەی یەکێتییانە دەبەستین. قۆناخێکی نوێش لە ئارامی و سەقامگیری و ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانتر بۆ گەلەکەمان دەستەبەردەکەین، چونکە ئەمە بەڵێنە داومانە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێی دەکەین".
ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی جەختیان لەسەر پێشنیازی بەستنی کۆنگرە لە رۆژی "شەھیدی یەکێتی"یدا کردووەتەوە، کە دەکاتە رۆژی 21ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ (21-11-2019).
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە