پەیامی کورد... ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: حەیدەر قوربانی مەترسیی سێدارەی لەسەرە
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بانگەوازێکدا، ڕایگەیاندووە حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، مەترسیی سێدارەی لەسەرە و داوای لە بەرپرسی دادوەریی کردووە کە دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕابگرن.
لەو بانگەوازەدا، هاتووە: "حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کوردی تەمەن ٤٧ ساڵ، مەترسیی سێدارەی لەسەرە. بەرپرسانی ئیتلاعاتی، دادستانی و دادوەری ئوسوولی دادگاییەکی دادپەروەرانە لە دۆسییەی ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشێل کردووە و دادگای شۆڕشئ شاری سنە، سەرەڕای ئەوەیکە لە بڕیاری خۆیدا ڕایگەیاندووە کە حەیدەر قوربانی هیچ کات چەکدار نەبووە، بەڵام ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ڕاپەڕینی چەکدارانەی دژی بنەماکانی نیزام" (بەغی) بە ئێعدام مەحکووم کردووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی لەو بانگەوازەدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو: دادگا بە پێچەوانەی یاسا پشتی بە "دانپێدانان" لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە، بە بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بەستووە و لە کاتێکدا کە حەیدەر قوربانی، قوربانی بێبسەروشوێن بوونی زۆرەملییە.
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها لە درێژەدا، ڕایگەیاندووە: "بەرپرسی هێزی دادوەری دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی ڕابگرێت و وێڕای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام، دەسپێڕاگەیشتنی ناوبراو بە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی دووبارەی دادپەروەرانە، گارانتی بکەن".
مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، دیوانی باڵای وڵات ئیعادەی دادرەسیی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدامی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، ڕەت کردبووە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی "بەغی" بە ئێعدام مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە