به‌رپرسی مه‌كته‌بی پێوه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرای کرد کە هاتنی شاندی هه‌ده‌په بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ دوو مه‌به‌ست بوو، دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی باشووری كوردستان و ڕوونكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی خۆیان له دوای كۆنگره و به‌شداریكردن له پرسه‌ی دلۆڤان بارزانی، بۆیه سه‌رۆك بارزانیش هانی ئه‌وانی دا كه كێشه‌كانیان له‌گەڵ توركیا له ڕێگه‌ی ئاشتی و دیموكراسییەوە چاره بكه‌ن.
عه‌لی حوسێن، به‌رپرسی مه‌كته‌بی پێوه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاگه‌یاند: "مه‌به‌ست له سه‌ردانی شاندی هه‌ده‌په بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه بوو كه تازه كۆنگره‌ی خۆیان به‌ستبوو، چونكه هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په له زیندانن و دوای كۆنگره هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕوئیای خۆیان بۆ حیزبه‌كانی باشووری كوردستان و دۆستانی خۆیان له دوای كۆنگره باس بكه‌ن و پێشتر به‌رنامه‌ی سه‌ردانیان دانابوو، به‌ڵام كۆچی دواییی دلۆڤان بارزانی به‌سه‌ردا هات، بۆیه هه‌م بڕیار بوو پێشتر سه‌ردان بكه‌ن و هه‌میش بۆ پرسه هاتبوون، بۆیه له كۆبوونه‌وه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئێمه باسی دۆخی باكووری كوردستانیان كرد و په‌یوه‌ندی ئه‌وان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و حزبه‌كانی توركیا و به‌رنامه‌ی خۆیان بۆ ئاینده باس كرد و داوای هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ ئێمه كرد بۆ ئه‌وه‌ی هاوكار بێن و ئێمه‌ش هانی ئه‌وانمان دا له ڕێگه‌ی ئاشتی و دیموكراسی و لێكتێگه‌یشتنەوە داخوازی و به‌رنامه‌ی حزبیی خۆیان په‌یڕه‌و بكه‌ن."
عەلی حوسێن گوتی: "جگه له‌وه‌ش باس له‌وه كرا كه هه‌ر پارچه‌یه‌ك له كوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و پێویسته ڕه‌چاو بكرێت و هه‌موویشی له ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگەوە بێت و هانی ئێمه‌شیان دا كه لایه‌نه كوردییه‌كان له ناوخۆیاندا یه‌كڕیز و یه‌كگرتوو بن، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش، چونكه پێیان وابوو ئه‌گه‌ر پێگه‌ی ئێمه به‌هێز بێت، ده‌توانی ڕۆڵێكی ئیجابی بۆ ئه‌وان بگێڕین، بۆ ئه‌وه‌ی به ئاشتی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت و ئێمه‌ش قسه‌مان بۆ نێوندگیری هه‌بێت."
سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی شانده‌كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی، عه‌لی حوسێن گوتی: "سه‌رۆك بارزانی له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شانده‌كه باسی له‌وه كرد، كاتی خۆی ده‌رفه‌تی باش هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانە هه‌ندێك گرفت چاره‌سه‌ر بكرێن و ئێستاش هانی دان كه كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی توركیا له ڕێگه‌ی ئاشتی و دیموكراسییەوە چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هه‌موو لایه‌نه‌كان یه‌كگرتوو بن و سوود له ئه‌زموونی هه‌ندێك شوێنی دنیا وەربگرن و گوێی له به‌رنامه‌ی پاش كۆنگره‌کەیان گرت."
دوو رۆژ پێششاندێكی هه‌ده‌په له باكووری كوردستان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و له یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌شیان به‌شدارییان له پرسه‌ی كۆچكردوو دلۆڤان بارزانی كرد و دواتریش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە