سەربەست لەزگین: ئێران بە بیانووی 'درۆ و بێ بنەما' هاووڵاتییانمان شەهید دەکات

سەربەست لەزگین: ئێران بە بیانووی 'درۆ و بێ بنەما' هاووڵاتییانمان شەهید دەکات

پەیامی کورد... سەربەست لەزگین: ئێران بە بیانووی 'درۆ و بێ بنەما' هاووڵاتییانمان شەهید دەکات

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر رایدەگەیەنێت، بەردەوام ئێران بە پاساو و بیانووی 'درۆ و بێ بنەما' خەڵکی هەرێمی کوردستانی شەهید کردووە. دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە لە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-01-2024، سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئامانجی ئەو هێرشانەی بەردەوام لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەوە یان مووشەکی بالیستییەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ پەکخستنی فڕۆکەخانەکە و راگرتنی پڕۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنی هەرێمی کوردستانە".

سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵمان داوە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت. هەرگیز نەبووینەتە بەشێک لەو ناکۆکی و ململانێیانەی بەردەوام لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوون و ئێستاش هەن. هەموو کاتێک فاکتەرێکی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بووینە".

بە گوتەی سەربەست لەزگین، "گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەیی نەرێنی لەسەر زۆرێک لە وڵاتان و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان هەبووە. بەتایبەت لەم دواییانەدا هەندێک وڵاتی دراوسێ بە ئاشکرا بە بیانووی بێ بنەما هێرش و پەلاماری هەرێمی کوردستانیان دا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ماوەی رابردوودا عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژووکرد. هەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی لە رێککەوتنەکەدا هەبوو. ئێمە لەرێگەی رێککەوتنەکەوە توانیمان مەترسی و نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان برەوێنینەوە و بارودۆخێکی نوێ هاتە کایەوە؛ بەڵام ئێران بە هەندێک بیانووی بێ بنەما و درۆ، خەڵکی سڤیلی ئێمە شەهید دەکات و وڵاتەکەمان مووشەک باران دەکات".

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە