پەیامی کورد... ڕووسیا 500 هاووڵاتیی ئەمریکای لەنێویاندا باراک ئۆبامای خستە لیستی گەمارۆکانەوە
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە کاردانەوە بە سزا نوێیەکانی واشنتن، گەشتی 500 هاووڵاتی ئەمەریکایی لە نێویاندا باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بۆ ڕووسیا قەدەغە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هەروەها ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ داواکاری ئەم دواییەی واشنتنی بۆ بینینی ئیڤان گێرشکۆڤیچی لە لایەن کارمەندانی کونسوڵخانەی ئەمەریکاوە ڕەتکردوەتەوە. گێرشکۆڤیچ پەیامنێری واڵ ستریت جۆرناڵە کە لە مانگی سێدا بە تۆمەتی "سیخوڕی" لە لایەن ڕووسیاوە دەستگیرکراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا هاتووە کە هۆکاری ئەو بڕیارە ڕەتکردنەوەی داواکاری ڤیزای ڕۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتە بووە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە کە پلانیان دانابوو هاوکاتی گەشتەکەی سێرگی لاڤرۆڤ بڕوەنە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا نووسراوە کە "واشنتن دەبوو زۆر زووتر لەمەوبەر لەوە تێبگات کە هیچ کردەوەیەکی دوژمنکارانە دژی ڕووسیا بێ سزا و بێ وەڵام نامێنێتەوە."
حکومەتی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی زیاتر لە 300 کەس و ڕێکخراوی سەر بە ڕووسیای خستە لیستی ڕەشەوە، ئەمەش بەهۆی پاڵپشتیکردن و یارمەتیدانی ڕووسیا بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا.
لە سەرەتای لەشکرکێشی سەربازی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ماوەی 15 مانگی ڕابردوودا، حکومەتی ئەمەریکا چەند هەزار کەس و کۆمپانیای ڕووسیای خستوەیە لیستی ڕەشەوە و سزای توندیشی بەسەر کەرتی دارایی و چەک و وزە و بازرگانی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە