ڕەفتارێکی سروە عەبدولواحید کەسوکاری شەهیدان دڵگران دەکات
بەڕێوبەری شەھێدانی ھەڵەبجە: پێویستە ھەموو کەسێک بە حورمەتەوە لەسەر مەزاری شەھیدان بوەستێ
بەڕێوبەری شەھیدان و کاروباری ئەنفال کراوان لە هەڵەبجە ، ڕایگەیاند: ”ھیچ کەس و لایەنێکی سیاسی مافی ئەوەی نییە بەشێوەیەکی نەشیاو لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەھیدان و ئەنفال کراوان بوەستێ، یان بانگەشە بۆ لایەنێکی سیاسی بکات، ئێمە کاتێک خەڵک دەنێرینە ناو مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە بۆئەوەی ئازار و مەینەتیەکانی گەلی کورد و خەڵکی کوردستان ببینێت، بێگومان خەڵک کاتێک ئەو مۆنۆمێنتە دەبینێت، بەچاوێکی پڕلە فرمێسکەوە دێتە دەرەوە، چونکە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە پەیکەری ئەنفالی تێدایە و وێنەی ھەزاران شەھیدی تێدایە، ئێستا ئێمە چۆن ڕێگە دەدەین، خەڵکی بەوشێوەیە سەردانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە بکات“.
بەڕێوبەری شەھیدان و کاروباری ئەنفال کراوان، ئەوەشی خستە ڕوو، کە سروە عەبدۆلواحید، لەبەردەم ئەوان ئەو وێنەیەی نەگرتووە، ئەگەر لەناو مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە بەوشێوەیە وێنەی بگرتایە بێگومان لێیان قبوڵ نەدەکرد، چونکە ئەوە مۆنۆمێنتی شەھیدانی ھەڵەبجەیە و پێویستە ھەموو کەسێک سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەھیدانە دانەوێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو شانازییەی بۆ گەلی کورد ماوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە، ئەنفال و جینۆساید، بۆیە ھەرکەسێک سەردانی مەزاری شەھیدان بکات، پێویستە بەحورمەتەوە مەزاری شەھیدان بەسەر بکاتەوە، گوتیشی: ”بەتایەبەتی ئەگەر کەسێک خۆی بەکەسێکی سیاسی بزانێت، ئەگەر سەردانی مەزاری شەھیدانی کرد، باشترە خەڵکی دیکە فێربکات، کە چۆن ڕێز لەگۆڕی شەھیدان بگرێت، چونکە چەکی بەھێزی ئێمە خوێنی شەھیدەکانمانە دواجار دوژمنەکانمان بەوە سەرشۆڕن گەلی کورد خاوەنی زۆرترین شەھید و قوربانییە بۆیە پێویستە لەسەر مەزاری شەھیدان بەڕێز و شەرم و حورمەتەوە بوەستین“.
پێشتر سروە عەبدولواحید، سووکایەتی بە کەسوکاری شەهیدان کردبوو، بەوهۆیەوە بڕیار دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای هەولێرەوە بۆ دەرچووبوو، کە کەسوکاری شەهیدانی بە خۆفرۆشتن، ناوبردبوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە