پەیامی کورد... گرووپی حەوت هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیای قەدەخە کرد
کۆمەڵەی وڵاتانی حەوت G7 بڕیاریاندا هاوردەکردنی نەوت لە ڕووسیاوە قەدەخە بکەن، ئەمریکاش سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی کۆمپانیای گازپرۆم و ژمارەیەک کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ڕووسیدا سەپاند.
شەوی ڕابردوو سەرۆکی وڵاتانی G7 کۆبوونەوە و لەبارەی ڕووسیاوە چەند بڕیارێکیان دەرکرد، ئەوەش وەکوو فشاری زیاتر بۆسەر مۆسکۆ و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا، ئەمە جگە لە یارمەتیدانی زیاتری ئۆکراینا. ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرایناش بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد.
دوای کۆبوونەوەکە، وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، دەڵێن، «پابەندین بە کەمکردنەوەی پشتبەستنمان بە وزەی ڕووسیاوە، ئەوەش لەڕێی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسی».
G7 دووپاتی کردووەتەوە کە چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیاری بایکۆتکردنی نەوتی ڕووسیا دەکەن بە شێوەیەکی ڕێکخراو و گونجاو، دڵنیاییشی دا لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیاندا بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی وزە و دەستخستنی بە نرخێکی گونجاو.
هاوکات ئەمریکا سەپاندنی سزای بەسەر سێ کەناڵی تەلەڤزیۆنی ڕووسیدا سەپاند، هەروەها لەسەر ئەمریکییەکانی قەدەخە کرد خزمەتگوزاریی ژمێریاری و ڕاوێژکردن بدەن بە ڕووسییەکان، هەروەها کۆت و بەندی خستە سەر ڤیزای دوو هەزار و 600 بەرپرسی ڕووسیا و بێلاڕووسی.
سزاکان بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری بانکی گازپڕۆمی ڕووسی دەگرنەوە، کە گەورەترین کۆمپانیای هەناردەکردنی گازی ڕووسیا.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، «ئەمە قەدەخەکردنی تەواوەتی نییە، سەرمایەکانی بانکی گازپڕۆم سڕ ناکەین، یاخود مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکەدا قەدەغە ناکەین، تەنیا ئاماژەیەک دەدەین بەوەی کە گازپڕۆم پەناگەیەکی پارێزراو نییە، بۆیە سزا بەسەر کۆمەڵێک بەڕێوەبەری باڵایاندا دەسەپێنین».
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە