پاش ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا داواکارییەکی دەمیرتاشی بۆ بەشداری کردن لە بەرنامەی (سەرکردەکان لە فۆکسەوە) ی کەناڵی فۆکس تی ڤی تورکیا بە تەلەفۆن ڕەت کردەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش بەشێوەی نووسراو وەڵامی پرسیارەکانی ئەو بەرنامەیەی داوەتەوە و لە بەرنامەکەدا خوێندرایەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە وەڵامی پرسیارەکانی ئەو کەناڵەدا سەبارەت بەوەی کە ئایا پەکەکە بە تیرۆرست دەزانن یاخود نا، نووسیویەتی: "ئێوە ئەگەر جۆرێك لە توندوتیژیی بە تیرۆر بزانن و لەقەڵەمی بدەن، ئەوە ئیتر ناتوانن بە هیچ چارەسەرێکی ئابووری و سیاسیی و کەلتوری بگەن بۆ کێشەکان. ئێمە سوورین لەسەر سیاسەتی دیموکراسییانە، دژی چەکین، ئەوە جێگییرە".
سەبارەت بە ئەو خەندەقانەی لەناوچە کوردییەکان لەلایەن پەکەکەوە لێدرابوون، سەڵاحەدین دەمیرتاش نووسیویەتی: "نە ئێمە و نە هەدەپە خەندەقمان هەڵنەکەندووە. هەر لە سەرەتاشەوە ئێمە لایەنگری گفتوگۆ و لێکنزیکبوونەوە بووین. لە ناوچەکانی هەکاری و سیلڤان و لیجە و جزیرەش لەو کارەماندا سەرکەوتوو بووین و خەندەقەکان پڕکرانەوە. من هیچ لێدوانێکی پشتییوانیکردن لە هەڵکەندنی خەندەقەکانم نەبووە. ئیتر لە 15ی تەمووزدا ئەوەنەمان زانی، ئەوەی کە ئەو ماڵ و شوێنانەیان وێران دەکرد و دەڕوخاند کودەتاچیی بوون. ئێستاش بەحساب هەموو کودەتاچییەکان لە زینداندان!"
"بەداخەوە ئێمە ئەو کاتە بە جوانی نەمانتوانی دەردی خۆمان باس بکەین. لەلایەکی تریشەوە، دیارە دەبوو زیاتر لەسەر پڕ کردنەوەی خەندەقەکان سوور بین. لەوە ئەچێت لە هاوکاریی کردنی خەڵکدا لەو بووارەوە کەمێک کەموکورتیمان هەبووبێت. لە کاتی خۆیدا دەستێوەردانی سیاسیی تەواومان نەکرد. نەمانتوانی ڕێ لە هەوڵەکانی ئاکەپە بۆ قۆستنەوەی ئەو بابەتە و بڵاوکردنەوەی ترس و شەڕ لە هەڵبژاردنەکەی 1ی تشرینی دووەمدا بگرین. ئەمانە کەموکورتییەکانی ئێمە بوون"
سەبارەت بەوەی کە ئایا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە بچڕاندووە؟، سەڵاحەدین دەمیرتاش نووسیویەتی: "ئەم قسەیە بەوپەڕی ڕاستگۆییمەوە بە ئێوە دەڵێم؛ ئێمە ئەگەر هەر پەیوەندییەکی ڕێکخراومان لەگەڵ پەکەکە هەبوایە، بێ ترس و بێ شاردنەوە، ئەوەندە بوێر و ڕاشکاوم کە بە ئاشکرا بیڵێم. نە من و نە هەدەپە، هیچ پەیوەندییەکی ڕیکخراو یان ڕێنمایی بەخشمان لەگەڵ پەکەکە نەبووە. ئێمە دیموکراتیمان بۆ تورکیا دەوێت و لایەنگری ئەوەین کە کێشەی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکرێت و پەکەکەش پێوویستە کە چەک دابنێ بڕوامان بەوە هەیە و داکۆکیشی لێ دەکەین. ئەو بڕوایەشمان لەسەر بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر نییە، بە ڕوون و ڕاشکاویی دەمانەوێت ئەوە لەڕێی پەرلەمانەوە و بە لێکتێگەیشتن ئەنجام بدرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە