پەیامی کورد ... سەدر داوای سزادانەوەی خۆپیشاندەران دەکات .
موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر داوا دەكات شۆڕش بگەڕێتەوە سەر رێچكەی خۆی و ئەوانەشی بایكۆتی دەوام دەكەن سزا بدرێن و هێزە ئەمنیەكان رێگەكان بكەنەوە.
موقتەدا سەدر لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی "بەپێی رێنمایی مەرجەعی ئایینی و بەپێی بنەما ئاسمانی و عەقڵییەكان، پێویستە شۆڕش بگەڕێتەوە سەر رێچكەی خۆی بەشێوەیەكی رێكخراو و ئاشتیانە بەڕێوەبچێت".
ئەوەشی نوسیوە، پێویستە كڵاوشینەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییە نیشتمانییە پاڵەوانەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی پەروەردە و پارێزگاكان و عەشیرەتەكاندا هاوئاهەنگی بكەن بۆ پێكهێنانی لیژنە لەپارێزگاكاندا بۆ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی خوێندنگە و فەرمانگە حكومییەكان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان.
سەدر داواش دەكات رێگا و شەقامە سەرەكی و داخراوەكان بكرێنەوە بۆئەوەی ژیانی رۆژانە دەستپێبكاتەوە و ناو و ناوبانگی باشی شۆڕش بگەڕێتەوە، داواش دەكات پەلەبكرێت لەو كارانە و هێزە ئەمنیەكان رێگری لە هەركەسێك بكەن، كە رێگاكان دادەخات و وەزارەتی پەروەردەش سزای هەركەسێك بدات، كە رێگری لە دەوام دەكات جا مامۆستاكان بن یان خوێندكاران یان هەر كەسێكی تر.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە