پەیامی کورد... ساڵی ڕابردوو ٦٧ ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون
فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان دەڵێت، لە ساڵی 2022دا 67 رۆژنامەنووس و کارمەندی میدیا لە جیهاندا کوژراون. بەوەش "کوژرانی رۆژنامەنووسان بەراورد بە ساڵی رابردوو 40٪ زیادیکردووە."
فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی رۆژنامەوانان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ 67 رۆژنامەنووس کوژراون. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی ئاماری هەمان فێدراسیۆن، ساڵی رابردوو 47 رۆژنامەنووس کوژرابوون.
فێدراسیۆنەکە، کە بنکەی سەرەکی لە برۆکسلی بەلجیکایە و نوێنەرایەتیی 600 هەزار رۆژنامەنووس لە سەندیکا و دامەزراوەکانی 140 وڵات دەکات، دەڵێت، ئێستا 375 رۆژنامەنووس لە جیهاندا بەهۆی کارەکەیانەوە لە زینداندان و بەرزترین ژمارە لە تورکیا، چین و میانمارن. ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو 365 رۆژنامەنووس لە زینداندا بوون.
بەگوێرەی راپۆرتی فێدراسیۆنەکە، ئۆکرانیا "مەترسیدارترین" وڵات بووە بۆ رۆژنامەنووسان، بەجۆرێک 12 رۆژنامەنووس تێیدا کوژراون. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا دەستیپێکرد.
ئەنتۆنی بێلێنگەر، سکرتێری گشتیی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان دەڵێت: "بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژرانی رۆژنامەنووس و ستافی دیکەی میدیایی جێی نیگەرانییە و زەنگێکی هۆشیارکردنەوەی حکومەتی وڵاتانە بۆ ئەوەی کار بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامەگەری بکەن کە ستوونێکی سەرەکیی دیموکراسییە".
راپۆرتەکە دەڵێت، چین پلەی یەکەمی لە زیندانیکردنی رۆژنامەنووساندا گرتووە، بەجۆرێک، ئەمساڵ 84 رۆژنامەنووس لەو وڵاتەدا زیندانیکراون. دوای چین، میانمار پلەی دووەمی گرتووە و 64 رۆژنامەنووس تێیدا زیندانیکراون. تورکیا بە بەندکردنی 51 دانە پلەی سێیەمی گرتووە. لە ئێرانیش، کە لە مانگی ئەیلوولەوە بەر شەپۆلێکی خۆپێشاندان کەوتووە، 34 رۆژنامەنووس لە کاتی ئەرکەکەیاندا دەستگیرکراون.لە
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە